ئەمەریكا: ئەگەر ئەلێکسی ناڤاڵنی بمرێت کاردانەوەمان دەبێت و چەند بژاردەیەکیش تاوتوێ کراون

تێکچوونی دۆخی تەندروستی ئەلێکسی ناڤاڵنی یەکێتی ئەوروپا و ئەمه‌ریکای هێناوەتە دەنگ و داوای دەستبەجێ چارەسەرکردن و ئازادکردنی لە دەسەڵاتدارانی رووسیا دەکەن
ئەلێکسی ناڤاڵنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی
ئەلێکسی ناڤاڵنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی

K24 – ھەولێر:

دۆخی تەندرووستی ئەلێکسی ناڤاڵنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا خراپە و تێکچوونی دۆخی تەندروستی ئەلێکسی ناڤاڵنی یەکێتی ئەوروپا و ئەمه‌ریکای هێناوەتە دەنگ و داوای دەستبەجێ چارەسەرکردن و ئازادکردنی لە دەسەڵاتدارانی روسیا دەکەن.

ئەلێکسی ناڤاڵنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا لە بەندیخانە مانیگرتووە و دۆخی تەندروستیی خراپە، لایەنگرانی داوادەکەن رۆژی چوارشەممە پێش بەڕێوەچوونی وتاری ساڵانەی پوتن، خەڵکی خۆپیشاندان بکەن و داوای ئازادکردنی ناڤاڵنی بکەن.

وەزیرانی دەرەوەی فەرنسا و ئەڵمانیاش نیگەرانن لە دۆخی تەندروستی ئەلێکسی ناڤاڵنی و داوادەکەن گرنگی بە تەندروستی ناوبراو بدرێت و بەزووترین کات رێگە بدرێت پزیشکی تایبەت سەردانی بکات.

ئەلێکسی ناڤاڵنی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا و رکابەری سەرسەختی پوتن، ساڵی رابردوو دوای ئەوەی ژەهراوی کرا، خۆی گەیاندە ئەڵمانیا و 8 مانگ لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو. دواتر گەڕایەوە مۆسکۆ و لەگەڵ گەیشتنەوەی ھەر لە فرۆکەخانە دەستگیرکرا.

بڕیاریشە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەڵوێست وەرگرتن لەسەر دۆخی ئەلێکسی ناڤاڵنی کۆببنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: بڕیارە رۆژی دووشەممە 19ی ئەم مانگە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بۆ تاوتوێی دۆخی ناڤاڵنی کۆببنەوە.

ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایە بڕیارە رۆژی چوارشەممە 21ی مانگ پێش وتاری ساڵانەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا خۆپیشاندانێکی فراوان لە مۆسکۆ بۆ ئازادکردنی ناڤاڵنی بەڕێوەبچێت.

دۆخی تەندروستی ناڤاڵنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی رووسیا لە بەندیخانە تێکچووە و رێگە نادرێت پزیشکی تایبەتی سەردانی بکات.

لای خۆیەوە، ئەمەریکا هۆشداری دایە رووسیا و رایگەیاند: ئەگەر ئەلێکسی ناڤاڵنی گیان لەدەست بدات، دەرئەنجامی خراپی بەدوادا دێت.

جەیك سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن"ی وڵاتەکەی گوتی: "نامەوێت پێشوەختە باسی کاردانەوەی ئەمەریکا بکەم، بەڵام ئەگەر ئەلێکسی ناڤاڵنی، کە ئێستا لە بەندیخانەیە و دۆخی تەندروستی خراپە و مانی لە خواردن گرتووە، بمرێت، ئه‌وا کاردانەوەمان دەبێت و چەند بژاردەیەکیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ تاوتوێ کراون".

تێکچوونی دۆخی تەندروستی ئەلێکسی ناڤاڵنی یەکێتی ئەوروپا و ئەمه‌ریکای هێناوەتە دەنگ و داوای دەستبەجێ چارەسەرکردن و ئازادکردنی لە دەسەڵاتدارانی رووسیا دەکەن.