ئەو کەسانەی ئەم جۆرە گروپە خوێنەیان هەیە ئەگەری جەڵتە تێیاندا زۆرترینە

تەنها یەک گروپی خوێن رێژەکەی کەمە
گیرانی موولوولەی خوێن
گیرانی موولوولەی خوێن

K24- هەولێر:

گروپی خوێنی مرۆڤ، کاریگەری لەسەر ئەگەری گیرانی موولولەکانی خوێن و کۆبوونەوەی چەوری دەبێت کە دواجار دەبێتەهۆی جەڵتە.

بەگوێرەی توێژینەوەکان، گروپی بی و ئەی، ئەگەری گیرانی موولولەکانی خوێن تێیاندا زۆر زیاترە بە بەروارد بە گروپی خوێنی ئۆ.

یەکێتی تەندروستی دڵی ئەمەریکا  بە هاوکاری چەند ناوەندێکی توێژینەوە، تاقیکردنەوە و توێژینەوەی لەسەر 400 هەزار کەس کردووە.

ئەوانەی گروپی خوێنی (بی)ییان هەیە، بە رێژەی 45٪، بە بەروارد بە گروپی خوێنی ئۆ، ئەگەری گیرانی موولەلەکانی خوێن تێیاندا زیاترە و بە رێژەی 55٪، ئەگەری تووشبوونیان بە گیرانی قووڵی دەمارەکان زیاترە.

هەروەها، ئەوانەی گروپی خوێنییان (ئەی)ـە، بە رێژەی 44٪، بە بەروارد بە گروپی خوێنی ئۆ، ئەگەری گیرانی موولەلەکانی خوێن تێیاندا زیاترە و بە رێژەی 50٪، ئەگەری تووشبوونیان بە گیرانی قووڵی دەمارەکان زیاترە.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، هۆکاری ئەمە بۆ جۆرێکی پرۆتین بە ناوی ڤی دەبلیو ئێف دەگەڕێتەوە، ئەم پرۆتینە هاوکاری گیرانی موولوولەکانی خوێن دەکات و لە گروپی خوێنی ئۆ، رێژەیان کەمترە بە بەروارد بە ئەی و بی.

ساڵانە لە جیهان، 100 هەزار کەس بەهۆی گیرانی موولوولەکانی خوێن گیان لەدەستدەدەن و ژمارەکەش ساڵ دوای ساڵ لە زیادبووندایە.

 American Heart Association journal