سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لە تاوانەکانی داعش ده‌کات

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ له‌بارەی هەنگاوەکانی پڕۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و هەماهەنگیی دەسەڵاتی دادوەریی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە (19ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2021) پێشوازی لە "کەریم ئەسەد ئەحمەد خان"،  راوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ له‌بارەی هەنگاوەکانی پڕۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و هەماهەنگیی دەسەڵاتی دادوەریی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە دادگای تاوانکاریی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان کرا.

راوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی یونیتاد، ستایشی هەماهەنگیی حکومەتی هەرێم و پشتگیرییەکانی سەرۆکی حکومەتی لە کار و ئەرکەکانی تیمی یونیتاد و سیستەمی دادوەریی کرد و ئەزموونی هەرێمی کوردستانیشی لەم بوارەدا، وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو لە ناوچەکە ناوبرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  پێشوازی لە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە "کەریم ئەسەد ئەحمەد خان"، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد

سەرۆکی حکومەت سوپاسی راوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی یونیتادی کرد بۆ ماوەی کارکردنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە پێناو هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانییانی تاوانەکانی داعش و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان. پیرۆزباییشی لێکرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک داواکاری گشتیی دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەکان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی نوێیدا.