حكومه‌تى ژاپۆن لێكۆڵينه‌وه له‌گه‌ڵ كۆمپانياكانى ئۆتۆمبێل ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
دوای ئه‌ڵمانیا، ئابڕووچوون روویكردووه‌ته كۆمپانیاكانی بوار ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی. له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، كۆمپانیای سازۆكی ژاپۆنیش هاته ڕیزی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه دووچاری ئابڕووچون بوونه‌ته‌وه به‌تایبه‌تی له فێڵكردن له پێوه‌ره‌كانی ده‌ردانی گازی پیسكه‌ر و سوتاندنی پترۆڵ، له ئیستاشدا حكومه‌تی ژاپۆن گومانی له هه‌موو كۆمپانیاكان هه‌یه و داوایكردووه لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆمپانیاكانی بواری ئۆتۆمبێل بكرێت.
كۆمپانیای سازۆكی ژاپۆنی رایگه‌یاند، له بواری پێوانه‌كردنی ده‌ردانی گازه ژه‌هراوییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی سوتاندنی به‌نزین له ئۆتۆمبێله‌كانیدا، پێوه‌ری ژاپۆنی به‌كار نه‌هێناوه.
كۆمپانیاكه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه 16 جۆر له ئۆتۆمبێله‌كانی سازۆكی به ده‌ر له پێوه‌ره ژاپۆنیه‌كان بۆ ده‌ردانی گازی پیسكه‌ر و سوتاندنی سوته‌مه‌نی دروستكراون، به‌ڵام داتاكان تا ئه‌و راده‌یه كێشه‌یان نیه كه پێویستیان به راستكردنه‌وه هه‌بێت.
ئۆسامۆ سازۆكی، سه‌رۆكی كۆمپانیای سازۆكی گوتى: ئێمه به قوڵی داوای لێبوردن ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه پێوه‌ره و رێنماییه ژاپۆنیه‌كانمان له‌به‌رچاو نه‌گرتووه له‌باره‌ی سوتاندنی پترۆڵ له‌لایه‌ن ئۆتۆمبێله‌كانمانه‌وه.
كۆمپانیای سازۆكی كه چواره‌م گه‌وره كۆمپانیای ژاپۆنیه، ئه‌وه‌شی ئاشكراكردووه كه له ساڵی 2010دا، 2 ملیۆن و 100 ئۆتۆمبێلیان به‌رهه‌مهێناوه كه پێوه‌ره ژاپۆنیه‌كانیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ نه‌كراوه له باره‌ی سوتاندنی پترۆڵ و ده‌ردانی گازی پیسكه‌ر.
ئۆسامۆ سازۆكی، گوتيشى: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانین ئه‌وه بڵێین كه ئۆتۆمبێله‌كانمان كێشه‌یان نابێت له هه‌مبه‌ر پێوه‌ره ناوخۆییه‌كانی ژاپۆن بۆ سوتاندنی سوته‌مه‌نی.
ئاشكرابوونی گزی یه‌ك له‌دوای یه‌كی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێل، له ئه‌ڵمانیا و ژاپۆن، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی ژاپۆن رایگه‌یاند داوامانكردووه لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێل بكرێت به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی ئاستی ده‌ردانی گازه پیسكه‌ره‌كان و سوتاندنی سوته‌مه‌نی.