یونسکۆ قەڵای کەرکووکی خستە لیستی کاتی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە

قەڵای کەرکووک لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە خراوەتە لیستی کاتی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە.
قەڵای كەركووك
قەڵای كەركووك

K24 – ھەولێر:

قەڵای کەرکووک لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە خراوەتە لیستی کاتی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە.

ئەحمەد کازم، بەڕێوەبەی بەشی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق رایگەیاند، قەڵای کەرکووک لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە خراوه‌تە لیستی کاتی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە.

ئەحمەد کازم گوتی: رێکخراوی یونسکۆ لەم دواییانەدا قەڵای کەرکووکی خستە لیستی کاتیی شوێنەوارەکانی جیهان، ئەمەش بەهۆی مانەوەی وەک سیمبوڵی پێکەوە ژیان، بەو پێیەی مزگەوتی پێغەمبەر دانیال، مزگەوتی گەورە، مزگەوتی عوریان و کڵێسای کلدانی ئوم ئەحزانی تێدایە.

ئەحمەد کازم روونیکردەوە، بڕیارەکە بە گوێرەی پێوەرەکانی رۆشنبیری و دەگمەنی شارستانییەتی زیندوو دراوە، چونکە قەڵای کەرکووک نموونەی باڵایە لەڕووی جۆری بنیاتنان و ئەندازەیی و دەرخەری قۆناغێکی گرنگە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا.