ته‌ندروستی جیهان هه‌واڵێكی موژده‌به‌خش راده‌گه‌یه‌نێت
K24- هه‌ولێر:
تێدرۆس ئه‌دهانۆم گێبریسۆس، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان "WHO" رایگه‌یاند، كه‌ره‌سته‌ی ته‌واومان له‌به‌رده‌سته بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر په‌تای كۆرۆنادا و له ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا دۆخه‌كه به‌ته‌واوی كۆنترۆڵ ده‌كه‌ین.
ئه‌دهانۆم له میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له جنێڤ له‌باره‌ی دابه‌شكردنی پێكوته‌ی كۆرۆنا گوتی: "كه‌ره‌سته‌ی ته‌واومان بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر په‌تای كۆرۆنادا له‌به‌رده‌سته و ئه‌گه‌ر به هه‌ماهه‌نگی و دادپه‌روه‌رانه كار بكه‌ین، ده‌توانین له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا دۆخه‌كه به‌ته‌واوی كۆنترۆڵ بكه‌ین".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌دهانۆم نیگه‌رانی خۆی نه‌شارده‌وه له‌وه‌ی كه ئێستا په‌تای كۆرۆنا زۆر به‌خێرایی له‌ناو مرۆڤه‌كانی ته‌مه‌نیان له نێوان 25 بۆ 59 ساڵیدایه ته‌شه‌نه ده‌كات، كه به‌گوته‌ی خۆی، ده‌كرێت هۆكاره‌كه‌ی ئه‌و زنجیره نوێیانه‌ی كۆرۆنا بن، كه له بڵاوبوونه‌وه خێراترن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ماوه‌ی 9 مانگی سه‌ره‌تادا یه‌ك ملیۆن كه‌س به‌هۆی ئه‌و په‌تایه گیانیان له‌ده‌ستداوه، به‌ڵام له ماوه‌ی 4 مانگی دواتردا، ئه‌و ژماره‌یه بۆ دوو ملیۆن كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه، پاشانیش ته‌نیا له‌ماوه‌ی 3 مانگدا ئه‌و ژماره‌یه گه‌یشته ئاستی زیاتر 3 ملیۆن كه‌س.
له‌مانگی كانوونی دووەم/ یەنایەری ساڵی 2020ـه‌وه قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی ته‌ندروستی به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له سه‌رانسه‌ری جیهان سه‌ری هه‌ڵداوه و به‌هۆیه‌وه زیانی زۆر گه‌وره به كه‌رته‌كانی ئابووری، گواستنه‌وه، گه‌شتیاری و بواره‌كانی دیكه گه‌یشتووه و بۆرسه جیهانییه‌كانیش داته‌پینێكی گه‌وره‌یان به‌خۆیه‌وه بینیوه و جووڵه‌ی بازاڕه‌كانی وزه‌ش گه‌یشتووه‌ته نزمترین ئاست.
له 11ی مارسی ساڵی رابردوو، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان وه‌ك په‌تایه‌كی جیهانی دانی به كۆرۆنادا نا، كه تا ئیستا له سه‌رانسه‌ری جیهان ژماره‌ی تووشبوون به‌و په‌تایه گه‌یشتووه‌ته 141 ملیۆن كه‌س و له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ی 3 ملیۆن و 22 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه.
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز
H.B