حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی بە یاسای بودجە راگەیاندووە

سێ لیژنەی تەکنیکی بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە بودجە پێکدەهێندرێن
شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا
شاندی ھەرێمی كوردستان بۆ بەغدا

K24 – ھەولێر:

یاسای بودجەی عێراق چووە بواری جێبەجێکردنەوە و حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە نامەیەکی تایبەتدا پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەربڕیوە. بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان سێ لیژنەی تەکنیکی پێکھێنراوە و ئەرکیان رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا لەسەر لایەنی تەکنیکی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە نامەیەکی تایبەتدا بۆ حکومەتی عێراق پابەندبوونی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2021ی عێراق پیشانداوە و ئەو نامەیە گەیشتووەتە دەست حکومەتی عێراق.

بەھجەت عەلی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندیەکی بە یاسای بودجەوە نیشاند داوە".

بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی بودجە، کە تایبەتن بە ھەرێمی کوردستان سێ لیژنە لە ھەرێمی کوردستان پێکھێنراون، لیژنەکان بەپێ پسپۆڕیەکانیان دابەش بوونە لەگەڵ سێ لیژنەی بەغدا لە گفتوگۆدان. ئەرکی ئەو سێ لیژنەیە رێککەوتنە لەسەر لایەنی تەکنیکی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، یاسای بودجەی عێراق چووە بواری جێبەجێکردنەوە و پشکى هەرێمى کوردستانیش لە بودجەکە بە11 تریلیۆن 482 ملیار دینار دیاریکراوە. حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە نووسراوی فەرمی پابەندبوونی ھەرێمی کوردستانی بە پرۆژە یاسای بودجەوە نیشانداوە. چاوەڕێ دەکرێت تا سەرەتای مانگی داھاتوو پشکی ھەرێمی کوردستان بنێردرێت.