ھەفتانە كاروانی سێ جۆر ڤاكسین دەگاتە عێراق

"رۆژانەش زیاتر لە 2 هەزار کەس بە ڤاكسین دەكوترێن"
كاتی گەیشتنی كاروانێكی ڤاكسینی فایزەر بۆ بەغدا - 11/4/2021 - فۆتۆ: رۆیتەرز
كاتی گەیشتنی كاروانێكی ڤاكسینی فایزەر بۆ بەغدا - 11/4/2021 - فۆتۆ: رۆیتەرز

K24 - ھەولێر

وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، هەفتانە کاروانی ڤاکسینەکانی، فایزەر، سینۆفارم و ئەسترازینیکا دەگاتە بەغدا.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، تائێستا عێراق لە شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا دایە، وەزارەت و دامەزراوە تەندروستییەکان، لەبەردەم ئاڵنگاریی سەختدان.

راشیگەیاند، هەفتانە کاروانی ڤاکسینەکانی، فایزەر، سینۆفارم و ئەسترازینیکا دەگاتە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش 700 ناوەندی کوتان و 50 ناوەندی دیکەی تایبەت بە ڤاکسینی فایزەر لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق تەرخان کراون، رۆژانەش زیاتر لە 2 هەزار کەس بە ڤاكسین دەكوترێن.

لەلایەکی دیکەوە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان کرد، خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆماربکەن.