دانەگاز: بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە

کۆمپانیای دانەگاز 53 ملیۆن دۆلار شایستە لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - ھەولێر

کۆمپانیای دانەگاز کە گەورەترین کۆمپانیای تایبەتمەندە بە کەرتی گازی سرووشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڵاویکردەوە، 53 ملیۆن دۆلاریان وەک شایستەی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.

دانەگاز رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆمپانیای پێرل پێترۆلیۆم 151 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە فرۆشی گاز و چڕکراوەکان و گازی شلکراوە وەرگرتووە.

روونیشیكردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی تەواو و لە بەرواری دیاریکراو شایستەی کۆمپانیاکان دەدات.

راشیگەیاند، کۆمپانیاکەیان خاوەنداری 35٪ـی پشکەکانی پێرل پێترۆلیۆم دەکات، بۆیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 53 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە.

ئاماژە بەوەشداوە، شایستە درەنگ کەوتووەکانی کۆمپانیای پێرل پێترۆلیۆم لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گەیشتووەتە 42 ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی.

لە هەمانکاتدا کۆمپانیای دانە گاز پێشبینی دەکات، سەرجەم شایستە دواکەوتووەکان لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵ دەدرێنەوە.

هەروەها ئاشکراشی دەکات، بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان لە کۆتا سێ مانگی 2020 بە شێوەیەکی گەورە بەرزبووەتەوە، ئەوەش دوای فراوانکردنی وێستگەی کۆرمۆر دێت لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو، لە ئەنجامدا بەرهەمهێنانی گازی لە سێ مانگی رابردوودا بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 12% بۆ تێکڕای 439 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە بەرزبووەتەوە، بەراورد بە 391 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە لە هەمان ماوەی ساڵی 2020.

دانەگاز ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو بەرزبوونەوەیە پشکداربووە لەسەر تێکڕای بەرهەمهێنانی گرووپەکە بە رێژەی 9% و گەیشتووەتە 35،300 بەرمیل نەوتی هاوتای نەوتی رۆژانە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، بەراورد بە 32،400 بەرمیل نەوتی هاوتای نەوتی رۆژانە لە هەمان چارەکی ساڵی 2020.