سبه‌ی پاڵه‌وانی خولی پله‌یه‌كی كوردستان به‌دیار ده‌كه‌وێت

یاریزانێكی شه‌قڵاوه‌ به‌هۆی ئازاری ئه‌ژنۆی كه‌وتووه‌ و یاریزانێكی كۆیه‌ ده‌یه‌وێت هه‌ستێته‌وه‌.  فۆتۆ: ئاراس بارتێز
یاریزانێكی شه‌قڵاوه‌ به‌هۆی ئازاری ئه‌ژنۆی كه‌وتووه‌ و یاریزانێكی كۆیه‌ ده‌یه‌وێت هه‌ستێته‌وه‌. فۆتۆ: ئاراس بارتێز

رۆژی چوارشه‌ممه‌ دوایین گه‌ڕی چوارگۆشه‌ی زێڕینی خولی پله‌یه‌كی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و به‌ فه‌رمی پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ خوله‌كه‌ دیاری ده‌كرێت و ناسنامه‌ی ئه‌و یانه‌یه‌ش ئاشكرا ده‌بێت كه‌ هاوشانی سه‌یدسادق بلیتی گه‌یشتن به‌ خولی نایابی كوردستان ده‌بڕێت.

شەقڵاوە و سەیدسادق بەیەک دەگەن

لەسەر یاریگەی فەرماندەیی لە سلێمانی، یانه‌ی سه‌یدسادق له‌ یاری لوتكه‌دا رووبه‌ڕووی شه‌قڵاوه‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌م یارییه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌یدسادق سه‌ركه‌وتنی بۆ خولی نایاب مسۆگه‌ر كردووه‌ و شه‌ڕی پاڵه‌وانبوون به‌رامبه‌ر شه‌قڵاوه‌ ده‌كات.

 یانەی شەقڵاوە کە لە ٥ یاریدا ٨ خاڵی هەیە لە پلەی دووەم دێت، ته‌نیا پێویستی بە یەکسان بوون هەیە بۆ ئەوەی بەفەرمی بگاتە خولی نایابی کوردستان، شه‌قڵاوه‌ له‌م یارییه‌دا له‌ لایه‌ك ده‌یه‌وێت بلیتی خولی نایاب ببڕێت له‌ لایه‌كیش ده‌یه‌وێت به‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر سه‌یدسادق ببێته‌ پاڵه‌وانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی پله‌یه‌كی كوردستان.

یانه‌ی كۆیه‌ میوانداریی ئاڵتون كۆپری ده‌كات

له‌ یارییه‌كی دیكه‌یشدا یانەی ئاڵتون کۆپری دەبێتە میوانی یانەی کۆیە، کۆیە کە لە پلەی کۆتایی ڕیزبەندی دێت و بێهیوا بووە لەسەرکەوتن بۆ خولی نایاب، یانەی ئاڵتون کۆپریش کە ٥ خاڵی هەیە و لە پلەی سێیەم دێت، هێشتا تروسكایه‌كی بۆ گه‌یشتن به‌ خولی نایاب ماوه‌، له‌م یارییه‌دا پێویستی بەوە هەیە بە جیاوازی ٣ گۆڵ له‌ كۆیه‌ بباته‌وه‌ و له‌ولاش شەقڵاوە لەگەڵ سەیدساق بدۆڕێت، بەو شێوەیە ئاڵتون کۆپری دەگاتە ڕیزی خولی نایابی کوردستان.

 

خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، ئه‌م وه‌رزه‌ بە بەشداری ١٢ یانە بەڕێوەچوو، یانەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکرابوون، لە کۆمەڵەیەی یانەکانی سنووری سلێمانی و کەرکووک، هەردوو یانەی سەیدسادق و ئاڵتون کۆپری گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین، یانەی خانەقین دابەزی بۆ ڕیزی یانە پلەدووەکان، لە کۆمەڵەی یانەکانی سنووری هەولێر و دهۆکیش یانەکانی شەقڵاوە و کۆیە گەیشتنە چوارگۆشەی زێڕین و، یانەی ئاسۆ لەو کۆمەڵەیە بۆ خولی پله‌دوو دابه‌زی.