زێدان هه‌واڵێكی خۆش و ناخۆشی بۆ هانده‌رانی راگه‌یاند

ریال مەدرید لە گەڕی رابردووی لالیگا دوو خالی لەدەستدا و بەرامبەر خیتافی بەبێ گۆل یەکسان بوون و هەڕەشەی لەدەستدانی خانەی دووەمی کەوتە سەر بەو پێیەی بارسێلۆنا بەهۆی جامی شای ئیسپانیا یارییەک کەمتری کردووە.

لە مەشقەکاندا تۆنی کرووس هەستی بە ئازار کردووە و بەهۆیەوە لەم یارییە لەگەڵ مێرەنگی نابێت، ئەگەریش هەیە پشوو بة مۆدریچ بدرێت بەهۆی یارییە زۆرەکانەوە، بەڵام ڤاران ئامادەیە و بانگهێشتی ئەم یارییە کراوە.

ئێواره‌ی ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید به‌شداریی پرێس كۆنفرانسێكی كرد و گوتی: سێ خاڵی ئەم یارییەمان پێویستە لەبەر ئەوە دەبێت بە باشترین ئاست یاریی بکەین، کادیز یارییەکی باش دەکات و لە یاریگەی خۆی بەرگرییەکی بەهێز دەکات، لەم یارییەش کرووس و هازارد لەگەڵمان نابن، بەڵام کارڤاخال و ڤاران ئامادە دەبن ئەمەش هەواڵێکی باشە بۆ ئێمە.

ئەم یارییەی ریال مەدرید لە کاتێکدایە کە پێریزی سەرۆکی یانەکە رێکسختنی خولی سوپەرلیگی ئەوروپای راگەیاندووە و زیدانی راهێنەریش نایەوێت باس لەم بابەتە بکات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ زێدان ده‌ڵێت: من بۆ ئەوە لێرە نیم باس لە سووپەرلیگ بکەم، ئەوە پەیوەندی بە کارگێڕی و سەرۆکی یانەکە هەیە، ئێمە ئێستا تەنیا بیر لە یاریی داهاتوومان دەکەینەوە، هەر کەسێک بۆچوونی خۆی هەیە و من لێرەم بۆ ئەوەی قسە لەسەر یارییەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ بکەم، من ئامادەنیم بۆچوونی خۆم لەسەر سووپەرلیگ بدەم، چونکە ئەوە کاری من نییە.

لە قۆناغی یەکەمی لالیگا کادیز دوور لە پێشبینییەکان توانی بە گۆڵیکی بێبەرامبەر لە ریال مەدرید بباتەوە و کە ئەم یانەیە ئێستا بە ٣٦ خاڵ لە خانەی سیزدەم دەبینرێت، مێرەنگی لە کاتێکیشدا دەبێتە میوانی کادیز لە دوایین ١١ یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی نەدۆڕاوە.