لایەنە شیعەکانی عێراق دەستبەرداری داوای دەرچوونی ئەمەریکا نابن

ئەمریکا پێداچوونەوەی تەواو بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لە جیهاندا دەکات
پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

لە کاتێکدا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دووپاتیدەکاتەوە، بوونی هێزەکانیان لە عێراق سنووردارە و تەنیا بۆ هاوکاریکردنی سوپای عێراقه‌ لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام فراکسیۆنەکانی شیعە جارێکی دیکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، دەستییان بە گوشارەکانیان بۆ سەر حکومەتەکەی مستەفا کازمی كرد و داوادەكەن بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزەکانی بیانی لە عێراق جێبەجێ بکات.

لەمبارەیەوە، فازڵ جابر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە هاوپەیمانی فەتح، داوای لە حکومەتی عێراق کرد، بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی سەرجەم هێزەکانی بیانی جێبەجێ بکات.

ئاماژەشیكرد، چوونە دەرەوەی هێزەکانی بیانی، بەندە بە داواکاری حکومەتەوە و ئه‌و پرسه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران یه‌كلا كراوه‌ته‌وه‌.

محەمەد کەریم لە هەمان هاوپەیمانێتی، پێیوایە، هێزەکانی عێراق توانای شەڕی تیرۆریان هەیە و چیتر پێویستیان بە هێزەکانی هاوپەیمانان نەماوە.

فازڵ فەتلاوی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادیقون گوتی: "پەرلەمان دەنگی لەسەر دەرچوونی هێزەکانی بیانی داوە، بۆیە پێویستە حکومەت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات، ئەمەش بەستراوەتەوە بە گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ واشنتن".

لەلایەکی دیکەوە، گاتع نەجمان لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا دووپاتیکردەوە، تێبینی زۆر لەسەر حکومەتی عێراق، بەتایبەت لەسەر شاندی دانوستانکار لە گفتوگۆی ستراتیجی بەغدا و واشنتن هەیە، دەربارەی بنکە سەربازییەکانی ناو عێراق و چۆنییەتی ئیدارەدان و سرووشتی کاری ئەو هێزانەی لەناو بنکەکاندان.

ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بەر لە هاتنی وەرزی هاوین، پێداچوونەوەی تەواو دەکات بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی لە جیهاندا.

دووپاتیشکردووەتەوە، بوونی هێزەکانیان لە عێراق سنووردارە و تەنیا بۆ هاوکاریکردنی سوپای ئەو وڵاتەیە، لە شەڕی دژ بە داعش.