به‌ هۆی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده‌ توركیا له‌ سوید توڕه‌یه‌

مه‌زڵوم عه‌بدی داوای له‌ وه‌زیری به‌رگری سوید كردووه‌، هاوكاری سه‌ربازیی بگه‌یه‌ننه‌ رۆژئاوای كوردستان و یارمه‌تی سه‌ربازییان بدەن
وەزارەتی دەرەوەی توركیا
وەزارەتی دەرەوەی توركیا

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی دەرەوەی توركیا، ئەمڕۆ سێشەممە باڵیۆزی سویدی لە ئەنقەرە بانگھێشت كرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەسەر گفتوگۆكانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، پیتەر ھۆلتكڤیست، لەگەڵ سەركردایەتی ھێزەكانی سووریای دیموكرات "ھەسەدە".

ئاژانسی ھەواڵی "ئەنادۆڵ"ی توركیا بڵاویكرده‌وه‌، وەزارەتی دەرەوەی توركیا ستافان ھیرستریۆم، باڵیۆزی ستۆكھۆڵم لە ئەنقەرەی بانگھێشت كردووە و بە توندی سەركۆنەی دیداری ھەندێك لە وەزیرەكانی سویدی لەگەڵ سەركردایەتی تیرۆریستان كردووە".

ئەم جوڵەیە دوای ئەوە ھات وەزیری دەرەوەی سوید كۆبوونەوەیەكی ڤیدیۆیی لەگەڵ سەركردەی "ھێزەكانی سووریا دیموكرات"، "مەزلووم عەبدی" ئەنجامدا و ھۆلتكڤیست ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ پشتیوانیكردن لەو رێكخراوە.

حكومەتی توركیا، ھێزەكانی سووریای دیموكرات بە رێكخراوێكی تیرۆریست دەناسێت كە بە پلە یەك پێكدێت "یەكینەكانی پاراستنی گەل" بەپێی گوتەی ئەنقەرە باڵی سووریای "پارتی كرێكارانی كوردستان"ە و 30 ساڵە توركیا لە شەڕدایە لەگەڵیدا.

پێشتر میدیاكانی ھەسەدە بڵاویان كردووەوە، مەزڵوم عەبدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) له ‌رێگه‌ی گفتوگۆیەكی ئۆنلاین داوای هاریكاریی سه‌ربازیی له‌ وه‌زیری به‌رگری سوید كردووه‌.

میدیاكانی هه‌سه‌ده‌ بڵاویانكرده‌وه‌، مه‌زڵوم عه‌بدی و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان بە ئۆنلاین لەگەڵ وه‌زیری به‌رگری سوید كۆبوونه‌ته‌وه‌ و گفتوگۆیان ده‌رباره‌ی دۆخی ئیستای سووریا و رۆژئاوای كوردستان و شه‌ڕی داعش كردووە‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌زڵوم عه‌بدی داوای له‌ وه‌زیری به‌رگری سوید كردووه‌، هاوكاری سه‌ربازیی بگه‌یه‌ننه‌ رۆژئاوای كوردستان و یارمه‌تی سه‌ربازییان بدەن.