نرخی نەوتی خام دوای ساڵێك لە داڕمان، ئێستا ھێڵێكی بەرەو ژووری گرتووەتەبەر

ئایا بازاڕەكە زیاد لەپێویست متمانەی بەخۆ نییە؟
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت

K24 – ھەولێر:

پێش ساڵێك نرخی نەوتی خام داڕما و گەیشتە ئاستێك وا ھاتە بەرچاو، كە ئیتر ئەستەمە جارێكی دیكە بەرز ببێتەوە بەھۆی پەتای كۆرۆنای و ناكۆكییەكانی نێو "ئۆپێك+". بەڵام نرخەكان باشبوونەوە و لەو كاتەوە ئیتر لە بەرزبوونەوە بەردەوامە بەھۆی ھەڵمەتەكانی كوتان و زیندووبوونەوەی ئومێد بەگەشەسەندنی ئابووری.

لەگەڵ فرۆشتنی ھەر بەرمیلێك بە 65 دۆلار، نرخی نەوت گەڕایەوە ئاستی پێش بڵاوبوونەوەی پەتاكە. بانكی "گۆلدمان ساكس"ی ئەمەریكایش مەزندە دەكات نرخی ھەر بەرمیلێكی نەوت لەم ھاوینە 80 دۆلار تێپەڕێنێت، لە ئەنجامی ئەو ئاماژانەی ھەن لەو ناوچانەی كوتانی تێدا پێش دەكەوێت.

مۆرگان ستانلی ركابەری "گۆلدمان ساكس" چاوەڕێ دەكات نرخی بەرمیلی نەوتی خام لە چارەكی سێیەمی ئەم ساڵ بگاتە 70 دۆلار.

شیكەرەوەكان نووسیویانە: "لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگەكانی ھاوین، دەكرێت مەزندە بكەین كەوا كاریگەری گەڕانەوەی بەكاركەوتنەوە (ئابوورێ لە دوای كۆڤید) ببێتە مایەی زیادبوونی ئاسایی وەرزی لە بەكاربردنی زێڕی رەش.

جگە لەمە، كارە بنەڕەتییەكانی بازاڕ، كە خستنەڕوو و خواستە ئێستا "توكمەترە" و زیاتر ھاوسەنگە، بەپێی مەزندەكانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لەدوا مەزندەكانیدا كە ھەفتەی رابردوو بڵاویكردەوە.

رێكخراوی وڵاتانی ھەناردەكردنی نەوت (ئۆپێك)یش لە لای خۆیانەوە زیاتر گەشبینن و مەزندە دەكەن، خواست لە سەر نەوتی خام گەشبوونەوەیەك بەخۆیەوە ببینێ بە تێكڕایی 6 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە ساڵی 2021 تا 96.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.

ئەمە گۆڕانكارییەكی گەورەیە دوای ئەوەی نرخی ململانێ لەسەری نەوتی ئەمەریكایی رێك پێش ساڵێك گەیشتە ژێر سفر، كە پێشتر ھەرگیز نموونەی نەبووە.

لە 20ی نیسانی 2020 پێنوێنی نرخی ململانێ لەسەری ئەمەریكایی دابەزی بۆ 40.32 ژێر سفر دۆلار و بۆ رۆژی دواتر ھەر بە نەرێنی بەردەوام بوو، كاتێك وەبەرھێنەران لەنێوان نەبوونی كڕیاران و نەبوونی توانای وەرگرتنی بەرمیلەكانی نەوت بەھۆی نەبوونی پانتایی پێویست بۆ ئەمباركردنیان، بۆیە ناچاربوون پارە بدەن بەس بۆ ئەوەی رزگاریان بێت.

ئیبیك ئۆزكاردسكایا لە بانكی سویسكوت بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "رەوشەكە لەو كاتەوە زۆر گۆڕاوە"، بە تایبەتی بە ھۆی رەخسانی ژمارەیەكی زۆر لە پێكوتەكانی كۆڤید-19 كە ئومێد بەخشە بە پێچانەوەی لاپەڕەی پەتاكە.

لە شانشینی یەكگرتوو ھەڵمەتی كوتانی زۆر باش بەڕێوەدەچێت بەھەمان شێوە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و سەرۆكی ئەمەریكا جۆ بایدن سەركەوتوو بوو لە دابینكردنی پارە بۆ پلانێكی زەبەلاح بۆ ھاندانی گەورەترین ئابووری جیھان، ئەمەش مژدەی بەرزبوونەوەی خواستی گەورەترین بەكاربەری نەوت دەگەیەنێت.

ئەنجامەكەشی ئەوەبوو، سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی مەزندەی گەشەسەندنێكی جیھانیی كرد بە ڕێژەی 6% لەمیانی ئەم ساڵدا دوای ئەوەی لە ساڵی 2020 مەنگییەكی مێژوویی بەخۆیەوە بینی.

بازاڕێكی متمانە بەخۆكراو زیاد لە پێویست  

بەڵام بیورنار تونھۆگن، شیكەرەوە لە لای دەزگای ریستاد، لە یاداشتنامەیەكدا، كە سێشەممە بڵاوبوویەوە ھوشداری دەدات و دەڵێت: "ھەستكردن بەوەی ھەموو شتێك تەواوە، وای لە بازاڕكردووە زیاتر لە پێویست متمانەی بەخۆیەوە ھەبێت لەوەی پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەیەكی نوێ".

بیارن شیلدۆب لە لای خۆیەوە دەڵێت: رەوشێكی ھاوشێوەی كە لە نیسانی 2020 روویدا، بێگومان لەوانەیە رووبداتەوە".

ئەو شیكەرەوەیە كە لە لایەن بانكی ئەسكەندەناڤیای (ئێس ئی بی) كاردەكات جگە لە پەتای كۆرۆنا ئەو ناكۆكییەی نێوان رووسیا و شانشینی سعوودیە لە 6ی ئاداری 2020 لە میانی دوا لوتكەی وەزیرەكانی "ئۆپێك+" لە ڤییەننا لە بارەگای رێكخراوەكە دێنێتەوە یاد.

ئەو وڵاتانەی لە پلەی دووەم و سێیەم دێن لە رێزبەندی بەرھەمھێنانی نەوتی خام لەسەر ئاستی جیھان، كەوتبوونە نێو شەڕی نرخەكانی كورت و چڕدا، وێڕای ھاوپەیمانییان لە "ئۆپێك+" كە ھەر 13 ئەندامانی ئۆپێك و 10 ھاوپەیمان لە خۆ دەگرێت.

ئەو لێكتێگەیشتنە لەرزۆكە لەو كاتەوە چارەسەركراوە لە نێو ئەو ھاوپەیمانییەدا و پەیتا پەیتا بەلووعەی زێڕی كردەوە دوای ئەوەی بەشێوەیەكی گەورە بەرھەمھێنانی كەمكردەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ خستنەڕوو و خواستی ھێواش بگونجێت.

تۆنھۆگن دەڵێت: "ئەو گۆڕانكارییە دادێت، كە بەرھەمھێنەران دانوستانی لەبارەوە دەكەن، لەوانەیە گۆڕانكاری بێت لەبواری وزەوە، كە مەزندە دەكرێت "بازار بەشێویەكی بنەڕەتی لەگەڵ ساڵی 2050 بگۆڕدرێت"، لەگەڵ كەمبوونەوەی بەكاربردنی ھایدرۆكاربۆنییەكان لە رووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی زۆر لە بەرھەمھێنانی سەرچاوەكانی وزەی خۆنوێكەرەوە.