ئه‌و پۆلیسه‌ی جۆرج فلۆیدی كوشت ره‌نگه 40 ساڵ به‌ند بكرێ

K24 - واشنتن:
پاش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، پاش سێ هەفتە دانیشتنی دادگا‌و گوێگرتن لە شایەتحاڵەکان و شارەزایان، دەستەی سوێندخۆران کە لە 7 ژن و 5 پـیاو پـێکهاتووە، له ئاكامدا بڕیاریاندا كه دێرک شۆڤن تاوانبارە بە کوشتنی جۆرج فلۆید و سێ تاوانی به‌سه‌ردا ساخ كرایه‌وه، یه‌كێك له‌وانە تاوانی كوشتنی پله دووه، واته بێ به‌رنامه و بڕیاری پێشوه‌خته تاوانی كوشتنه‌كه‌ی ئه‌نجام داوه.
به گوێره‌ی ئه‌م بڕیاره، رەنگە دادوەر بڕیار بدات دێرک شۆڤنی ته‌مه‌ن 45 ساڵ، نزیكەی 40 ساڵ به‌ند بكرێت.
له ویلایه‌ته‌كه، بڕیاری به تاوانبار زانینی ئه‌و پۆلیسه، رووداوێكی مێژووییه، چونكه له ماوه‌ی 165 ساڵ مێژووی ویلایه‌تی مینیسۆتا، بابه‌تی له‌م چه‌شنه له ئارادا نه‌بووه. له‌و ماوه دوورودرێژه‌دا، محه‌مه‌د نوور، ئه‌فسه‌رێكی پێشووی پۆلیسه كه به کوشتن تاوانبار كراوه و تا ئێستاش دۆسیه‌كه‌ی بۆ پێداچوونه‌وه له دادگایه. محه‌مه‌د نوور به ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی سۆماڵه و ساڵی رابردوو ته‌قه‌ی له ئافره‌تێك كرد و كوشتی، دواتریش دادگا به تاوانی كوشتنی ئافره‌ته‌كه بڕیاری 12 ساڵ به‌ندكردنی بۆ ده‌ركرد.
رۆژی 25ی مانگی 5ی ساڵی 2020، لە شاری مینیئاپـۆڵس، له ویلایەتی مینیسۆتا، جۆرج فلۆید، به هۆی به‌كار هێنانی 20 دۆلاری ساخته له دوكانێك، له لایه‌ن پۆلیسه‌وه، ده‌سبه‌سه‌ر كرا‌و له ئاكامدا به هۆی ئه‌وه‌ی دێرک شۆڤنی پۆلیس سه‌ری فلۆیدی بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی 10 خولهك خستبووه ژێر چۆكی و له‌و كاته‌دا ناوبراو چه‌ند جارێك هاواری دایكی ده‌كات و ده‌ڵێ ناتوانێ هه‌ناسه بدات، دواتر فلۆید ده‌بورێته‌وه، دوای ئه‌وه گه‌یه‌نرایه نه‌خۆشخانه، گیانی له‌ده‌ستدا.
ئه‌م ڕووداوه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه سه‌رتاپای كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ته‌نانه‌ت به‌شێك له پایته‌ختی وڵاتانی جیهان خۆنیشاندن، ناڕه‌زایه‌تی و توندوتیژی بێته ئاراوه كه داوا ده‌كرا توندوتیژی پۆلیس دژی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی به گشتیی و ره‌شپێسته‌كان به تایبه‌تی رابیگرێت.
ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای بڕیاره‌كه‌ی دادگا، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جۆو بایدن له‌م باره‌وه وێڕای پێشوازیكردن له بڕیاره‌كه‌ی دادگا له توویته‌ر نووسی: "ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ی سوێندخۆران له ویلایه‌تی مینیسۆتا، دێرک شۆڤن، ئه‌فسه‌ری پێشووی شاری مینیئاپۆلسی به كوشتنی جۆرج فلۆید تاوانبار كردووه. ئه‌مه هه‌نگاوێكه بۆ پێشه‌وه، ئه‌م بڕیاره ده‌توانێ هه‌نگاوێكی مه‌زن بێ له ئه‌مریكا به‌ره‌و دادپه‌روه‌ری. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی فلۆید مردووه و ئیدی ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام كه‌س له سه‌روو یاساوه نییه، بڕیاری ئه‌مڕۆ هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نییه".