ئومێد سەباح: ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران باسی ھێڵە گشتییەكانی بودجە دەكات

"لە رێگەی بودجەی ھەرێمی كوردستانەوە دەمانەوێت نەخشە رێگایەك بۆخۆمان دابنێین"
ئومێد سەباح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
ئومێد سەباح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 – ھەولێر

سەرۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران باسی ھێڵە گشتییەكانی بودجەی ھەرێمی كوردستان دەكرێت. ئاماژەی بەوەشدا لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات.

ئومێد سەباح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا رایگەیاند: "لە رێگەی بودجەی ھەرێمی كوردستانەوە دەمانەوێت نەخشە رێگایەك بۆخۆمان دابنێین، بۆ ئەوەی ھەم ریفۆرمی ئابووری ھەمیش زیادكردنی داھات و باشتركردنی خەرجییەكان رێگەچارەیەكی بۆ دابنێین".

گوتیشی: "خۆمان ئامادە دەكەین، بۆ ئەوەی وەك شاندی حكومەت جارێكی دیكە سەردانی بەغدا بكەین، بۆ ئەمە خەریكی ھەماھەنگین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان، چونكە ئەمجارە گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەك ھەرێمی كوردستان ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی ھەموو ئەو ئیلتیزاماتانەی كە دەكەوێتە ئەستۆمان، سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، تێیدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئیلتیزامانەی لەسەر ھەرێمی كوردستانە".

دەربارەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان ئومێد سەباح گوتی: "ئەو بابەتە پەیوەندی بە بودجەی ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە و لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران باسی ھەموو ھێڵە گشتییەكانی بودجە دەكرێت".

لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری كوردستان24 سەبارەت بە گفتوگۆكانی داھاتوو لەگەڵ حكومەتی عێراق، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاماژەی بەوەدا: "ئەمجارە بەشێویەكی جیاوازتر دەست بە گفتوگۆكان دەكەین، وەزارەتی دارایی ھەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و چاودێری دارایی ھەرێم لەگەڵ چاودێری دارایی فیدراڵی، ئەمجارە رەچاوی پسپۆری دەكرێت لە گفتوگۆكان".