گوته‌بێژی حكومه‌ت: 25ی مانگ مووچه دابه‌ش ده‌كرێت
K24 - هه‌ولێر:
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له كۆنگریه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا چه‌ند ته‌وه‌رێك تاووتوێ كران، له‌وانه‌ش رێژه‌ی مووچه.
جوتیار عادل ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، باسی بودجه كراوه و بابه‌تی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی كوردستان تاووتوێكراوه و هێشتان نه‌گه‌یشتووینه‌ته بڕیار، به‌ڵام پابه‌ندی به‌ڵێنی خۆمان ده‌بین و له هه‌ر (30) رۆژ جارێك مووچه دابه‌ش ده‌كرێت".
جوتیار عادل گوتی: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و لایه‌نانه ده‌كات، كه هاوكاریی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و ئیدانه‌ی هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێریان كردووه، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا تاووتوێی ئه‌و بابه‌ته‌ی كردووه".
گوتیشی: "خستنه‌ڕووی هێڵه گشتییه‌كانی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو، هه‌ر یه‌ك له وه‌زیرانی دارایی و پلاندانان خه‌رجی و داهات و كورتهێنانیان خسته‌ڕوو، بابه‌ته‌كه تاووتوێ كرا، ژماره‌كان خرانه‌ڕوو و ره‌چاوی هه‌موو ئه‌گه‌رێك كراوه و هه‌فته‌ی داهاتوو بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو ده‌كرێت".
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم باسی له‌وه‌ش كرد، "رێژه‌ی ته‌مویلی مووچه تاووتوێ كراوه و هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌گه‌ینه بڕیار و هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و پلاندانان به‌پێی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕیار ده‌ده‌ن".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌یاسا په‌سه‌ند كران، كه بریتی بوون له: پڕۆژه‌یاسای ماف و ئیمتیازاتی كه‌مئه‌ندامان و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، پڕۆژه‌یاسای به‌ركاركردنی ره‌سمی پوول، په‌یڕه‌وی رێكخستنه‌وه‌ی پاسه‌وانی په‌سه‌ند كرا".
جوتیار عادل گوتیشی: "ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه، باسی ده‌وام كراوه، به تایبه‌تی له سنووری پارێزگای سلێمانی، كه لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ئاگادار كراوه‌ته‌وه، له‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رۆتین قبووڵ ناكات و پێویسته داموده‌زكانی حكومه‌ت له خزمه‌ت هاووڵاتیان بن و مامه‌ڵه‌كانیان رایی بكه‌ن".
جوتیار عادل روونیكرده‌وه، "له دوایین بابه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی راسپارد، رێنمایی گونجاو بۆ رووماڵكردنی هه‌ندێك دیارده ده‌ربكات، كه هه‌ندێك كه‌ناڵ به شێوه‌یه‌كی نه‌شیاو رووماڵی ئه‌و دیاردانه ده‌كه‌ن، كه بووه‌ته هۆی بێزاری هاووڵاتیان، پێویسته هه‌وڵ بدرێت ئه‌و جۆره رووماڵانه كه‌م بكرێنه‌وه".
روونیشكرده‌وه، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی ده‌بێت و هه‌ر (30) رۆژ جارێك مووچه دابه‌ش ده‌كات، هه‌فته‌ی داهاتووش به پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی بودجه ده‌گه‌ینه به‌رچاڕوونی و به گوێره‌ی ئه‌و پلانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی پلاندانان هه‌یانه، مووچه دیاری ده‌كرێت، به‌ر له‌دوو رۆژیش وه‌زاره‌تی دارایی نووسراوێكی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵی كرد، بۆیه حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، پابه‌ندی یاسای بودجه‌ی (2021)ی عێراق ده‌بێت، سه‌باره‌ت به شێوازی خه‌رجكردنی بودجه و رێنمایی، حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌یه شاندی دانووستانكار له رووی هونه‌ری و سیاسیشه‌وه بۆ به‌غدا بنێرێت".
جوتیار عادل له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر گوتی: "پاراستنی سه‌ر و ماڵی هاووڵاتیان ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، لێكۆڵینه‌وه‌ش له‌سه‌ر هێرشه‌كه به‌ردوامه و هه‌ركاتێك لێكۆڵینه‌وه‌كان ته‌واو بوون، ئه‌نجامه‌كان ده‌خه‌ینه‌ڕوو، حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام ویستوویه‌تی به‌شێك بێت له چاره‌سه‌ر و نابینه به‌شێك له ململانێكانی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی، ئامانجی ئێمه ئه‌وه‌یه سه‌ر و ماڵی خه‌ڵك و ده‌ستكه‌وته‌كانمان بپارێزین، داواش له‌و لایه‌نانه ده‌كه‌ین، هه‌ر ناكۆكییه‌كیان هه‌یه، ده‌كرێت له رێگه‌ی گفتوگۆوه چاره‌سه‌ر بكرێن".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانه له‌و توندوتیژییانه‌ی به‌رامبه‌ر به ژنان ده‌كرێت، سه‌رۆكی حكومه‌ت به راشكاوانه گوتوویه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و توندوتیژییه نین، ده‌بێت رێگری لێبكرێت، ئه‌و داموده‌زگایانه‌ی سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێمن وه‌ك ئه‌نجومه‌نی خانمان، راسپێدراون سیاسه‌تێكی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر ئه‌و ره‌وشه دابڕێژن، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی داد و داواكاری گشتی، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پلانێكی تۆكمه دابڕ‌ێژین بۆ بنبڕكردنی ئه‌و دیارده‌یه".