رێباز حه‌ملان ورده‌كاری نوێ له باره‌ی مووچه و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ڕوو

K24 – هه‌ولێر:
رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی و ئابووری له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" رایگه‌یاند، ئه‌ركی له پێشینه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م دابینكردنی مووچه‌ی ته‌واوه بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان. گوتیشی: ئه‌گه‌ر ئه‌و فه‌رمان و بڕیارانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌ك خۆیان له ده‌روازه‌كان جێبه‌جێ بكرێت، داهاتی هه‌رێم 10 ئه‌وه‌نده زیاتر ده‌بوو. روونیشیكرده‌وه، له 2013ه‌وه ئه‌مه بۆ یه‌كه‌مجاره كابینه‌ی نۆیه‌م پڕۆژه یاسای بودجه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كات و ئه‌و په‌ڕی شه‌فافیه‌ت بۆ هاووڵاتیان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
به‌غدا پاره ده‌نێرێت؟
له گفتوگۆیه‌كدا، سه‌باره‌ت به ناردنی پشكی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه، گوتی: "له چه‌ند رۆژی رابردوودا، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق رێنمایی تایبه‌تی له باره‌ی جێبه‌جێكردنی بودجه‌ی 2021ی ده‌ركرد. ئێمه‌ش وه‌ك هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناردووه و پابه‌ندی هه‌رێمی بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه ده‌ربڕیوه و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستانیش، نامه‌ی ره‌سمیان ناردووه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق و پابه‌ندبوونی ده‌ربڕیوه".
هه‌رێم شاندی ئاماده‌یه و چاوه‌ڕێی به‌غدایه
گوتیشی: "چاوه‌ڕێین ئه‌وان وه‌ڵام بده‌نه‌وه و دوو شاند ئاماده‌ن، بچنه‌وه به‌غدا، ئه‌وانیش شاندی باڵای حكومه‌ت به سه‌رۆكایه‌تی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و هه‌روه‌ها تیمی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و پلاندانان و سامانه سرووشتییه‌كان ئاماده‌ن بچنه به‌غدا بۆ پێدانی روونكردنه‌وه ئه‌گه‌ر پێویست بكات".
روونیشیكرده‌وه، "له دوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق، به دڵنیاییه‌وه شاندی ته‌كنیكی و سیاسی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ن بچنه‌وه به‌غدا و ئه‌مڕۆش له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه راسپێردران بۆ ئه‌و بابه‌ته".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و رێنماییه‌ی ئه‌وان ده‌ریان كردووه، ده‌بێت بۆ ئێمه‌شی بنێرن و كۆمه‌ڵێك ورده‌كاری تێدایه. بودجه له مانگی یه‌ك تا كۆتایی مانگی 12 كاری پێده‌كرێت و پێویسته میكانیزمی جێبه‌جێكردنی به ئێمه بوترێت و چه‌ند مانگی رابردوو چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و نرخی سۆمۆ چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێویسته ئه‌و رێنماییه بنێردرێت بۆ ئێمه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی جێ به‌جێ بكرێت.
مووچه چۆن دابه‌ش ده‌كرێت؟
رێباز حه‌ملان، دووپاتیكرده‌وه، له سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ست به دابه‌شكردنی مووچه ده‌كرێته‌وه.
گوتیشی: له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم فه‌رمانیكردووه، هه‌ر 30 رۆژ جارێك مووچه بدرێت به گوێره‌ی ئه‌و داهاته‌ی له‌به‌ر ده‌سته. چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی به‌غدا ناكرێت. پێشمان باش بوو ئه‌وه‌ی به‌غدا بێت، ئه‌گه‌ر هاتبا، ئه‌و كات وه‌زاره‌تی دارایی به‌رچاوی روون ده‌بوو ئایا لێبڕین بمێنێ یان رێژه‌ی كه‌مبكاته‌وه یاخود هه‌ر نه‌مێنێ، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نه‌هاتووه، ئێمه سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو، مووچه دابه‌ش ده‌كه‌ین.
ته‌مویلكردنه‌كه چۆن ده‌بێت
رێباز حه‌ملان، روونیكرده‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم به گوێره‌ی داهاتی به‌ر ده‌ستی مووچه دابه‌ش ده‌كات. به‌م خۆگونجانه‌ی ئێستا كه %21ی ده‌بڕدرێت، پێویستمان به 720 ملیار دیناره بۆ دابینكردنی مووچه. ئه‌گه‌ر مووچه‌ی كامڵ بدرێت، پێویستمان به 895 ملیار دیناره. ئێستا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داهات كه‌متر له‌به‌رده‌سته، بۆیه %21ی كه‌مكراوه‌ته‌وه. هێشتا بڕیاریش نه‌دراوه، مووچه چۆن دابه‌ش ده‌كرێت، چه‌ند داهات زیاتر بێت لێبڕین كه‌متر ده‌بێته‌وه.
بودجه‌ی هه‌رێم ئاماده ده‌كرێت
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، رێباز حه‌ملان باسی له ره‌شنووسی بودجه‌ی هه‌رێم كرد و گوتی: به گوێره‌ی ئه‌و داهاته‌ی پشكی هه‌رێمه و به‌شێكی له‌سه‌ر بنه‌مای %50ی داهاتی ناوخۆیه كه بۆمان ده‌مێنێته‌وه. وه‌زیرانی دارایی و پلاندانان ورده‌كاریان خستووه‌ته به‌ر ده‌ست حكومه‌تی هه‌رێم.
هه‌روه‌ها گوتی: جێی داخه له 2013ه‌وه به هۆی بڕینی پشكی هه‌رێم، تا ئه‌مساڵ هیچ بودجه‌یه‌ك نه‌نێردراوه‌ته په‌رله‌مان. ئه‌مه كارێكی گه‌وره‌یه كابینه‌ی نۆیه‌م بودجه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كات، چونكه یه‌كه‌م: ئه‌مه یه‌كه‌مجاره سه‌رجه‌م داهاته‌كانی هه‌رێم به داهاتی نه‌وته‌وه ده‌خرێته بودجه‌وه. دووه‌میش سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت و قه‌رز و پابه‌ندییه‌كانی حكومه‌ت ده‌چنه بودجه‌وه و ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌ڕی شه‌فافیه‌ت بۆ خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
بۆچی دواخرا
بڕیار بوو، ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ی هه‌رێمی كوردستان په‌سند بكات و ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی بكات، به‌ڵام له‌به‌ر هۆیه‌ك په‌سندكردنه‌كه‌ی دواخرا بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو.
له‌و باره‌یه‌وه، رێباز حه‌ملان ئاشكراشیكرد، یه‌ك خاڵ پرۆژه‌كه‌ی دواخستووه بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو، ئه‌ویش چونكه له ساڵانی رابردوودا، له‌وانه 2010 و 2011 و 2013، حكومه‌تی عێراق ساڵانه 12 تا 13 ملیار دۆلاری ناردووه بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه تا ئێستا هزرێك لای وه‌زاره‌ته‌كانی هه‌رێم هه‌یه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ئه‌و ژمارانه ده‌نێرنه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، ئێمه‌ش ناتوانین له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه ژماره‌كان دابنێن، چونكه تووشی كورتهێنانێكی گه‌وره ده‌بین. جارێكی دیكه وه‌زاره‌ته‌كان راسپێردران ئه‌و ژمارانه دابه‌زێنن بۆ ژماره‌یه‌كی كه‌متر و به گوێره‌ی داهاتی ئێستای هه‌رێم دابنرێت.
داهاتی ناوخۆ چه‌نده؟
رێباز حه‌ملان باسی له‌وه‌كرد، له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه داهاتی ناوخۆ زیادی كردووه و نرخی نه‌وت هه‌ڵكشاوه و داهاتی خاڵه سنوورییه‌كان زیاتر بووه، به هۆی ئه‌و چاكسازییه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ستپێكردووه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، قسه زۆره له‌سه‌ر قاچاغچێتی، به‌ڵام چاكسازییه‌كان وایكردووه، رێكخستنه‌وه‌یه‌كی باش بكرێت و خه‌رجی كه‌مكراوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش وایكردووه، داهات زیاتر بێت و بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی مانگانه بتوانرێت 720 ملیار دینار مووچه دابین بكرێت. ئێستا ئه‌وه چه‌ند مانگێكه حكومه‌تی هه‌رێم به بێ به‌غدا مووچه دابه‌ش ده‌كات.
دووپاتیكرده‌وه، داهاتی ناوخۆ مانگ به مانگ سه‌رو خوار ده‌كات، به‌ڵام تێكڕاكه‌ی ئه‌وه‌یه، مووچه‌ی پێ دابین ده‌كرێت.
هه‌روه‌ها گوتی: چه‌ندین جار باسمان كردووه، حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا پابه‌ندی مووچه‌ی له ئه‌ستۆ نییه، به‌ڵكو پابه‌ندیی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنان، فرۆشتن، خزمه‌تگوزاری نه‌وتی له ئه‌ستۆیه. قه‌رزاری ئه‌و كۆمپانیایانه‌ین كه كاریان بۆ حكومه‌ت كردووه. به‌شێكی بۆ به‌گه‌ڕخستنی فه‌رمانگه‌كانه و خه‌رجی كه‌رتی ته‌ندرووستی و ژینگه‌پارێزی شاره‌كانمان له ئه‌ستۆیه. به‌راورد به وڵاتێكی وه‌ك لوبنان، كه ده‌وڵه‌ته ببینن تووشی چ گرفتێكی گه‌وره‌ی پاك‌و خاوێنی بووه. خه‌رجی فڕۆكه‌خانه و خه‌رجی كڕینی كاره‌بامان له ئه‌ستۆیه و زۆربه‌ی هاوبه‌شان و كۆمپانیاكان خه‌رجی كاره‌با ناگه‌ڕێننه‌وه بۆ حكومه‌ت.
چه‌ند داهات بۆ حكومه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه؟
رێباز حه‌ملا له باره‌ی داهاتی حكومه‌ت و زیادبوونی به هۆی چاكسازییه‌وه، گوتی: ناتوانم ژماره‌یه‌ك ورد بڵێم، به‌ڵام به‌و چاكسازییه‌ی كراوه و به رێكخستنه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت و نا نه‌وتی نه‌مانده‌توانی مووچه به بێ به‌غدا بده‌ین. چوار مانگه حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ر 30 رۆژ جارێك مووچه ده‌دات. ئه‌مه‌ش له سایه‌ی ئه‌و چاكسازیانه‌یه له كابینه‌ی نۆیه‌م كراوون.
ئه‌وه‌شی گوت: ئه‌گه‌ر لایه‌نه سیاسییه‌كان له بری ئه‌وه‌ی له میدیادا فشار درووست بكه‌ن و كۆسپ درووست بكه‌ن بۆ حكومه‌ت، بتوانن چاكسازییه‌كی راسته‌قینه له‌سه‌ر سنووره‌كان بكرێت و فه‌رمانه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت له ده‌روازه‌كان جێبه‌جێ بكرێت، 10 ئه‌وه‌نده‌ی دیكه داهات بۆ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌توانین لێبڕین چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
لێبڕین ده‌مێنێت؟
رێباز حه‌ملان دووپاتیكرده‌وه، به بڕیاری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران هه‌ر پاره‌یه‌ك له به‌غداوه بێت، پێشینه‌ی ئه‌ركی حكومه‌ت دابه‌شكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانه.
گوتیشی: به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ی عێراق بێت، لێبڕین كه‌متر ده‌بێته‌وه و هه‌وڵده‌ده‌ین هه‌ر نه‌مێنێت.