لە سێ مانگدا 126 كەس بە رووداوی ھاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

ھەزار و 439 كەسی دیكەش برینداربوونە
چەند رووداوێكی ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستان
چەند رووداوێكی ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستان

K24 – ھەولێر

بەگوێرەی ئامارەكان تەنھا لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا 850 رووداوی ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستان روویانداوە، كە بەمشێوەیە بووە:..

ھەولێر 205 رووداوی ھاتووچۆ

سلێمانی 251 رووداوی ھاتووچۆ

دھۆك 196 رووداوی ھاتووچۆ

ھەڵەبجە 21 رووداوی ھاتووچۆ

گەرمیان 72 رووداوی ھاتووچۆ

راپەڕین 47 رووداوی ھاتووچۆ

سۆران 58 رووداوی ھاتووچۆ

لە ئەنجامی ئەو رووداوانەی شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان 126 كەس گیانیان لەدەستداوە و ھەزار و 439 كەسی دیكەش برینداربوونە.

عەمید عەبدولقادر سدیق، بەڕێوەبەری پێشووی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی ھاتووچۆی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئاماری مردن و برینداربوون بە رووداوەكانی ھاتووچۆ لە قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاترە".

گوتیشی: "یەكێك لە ھۆكارەكانی زۆربوونی رووداوەكان لە ھەرێمی كوردستان یەكنەخستنی مۆڵەتی شوفێرییە، كە تائێستا بە چەند شێوەیەك دەدرێت بەوانەی دەبنە شوفێر، پێویستە بزانین چۆن شوفێر دروست دەكەین، نەك پێشوەختە مۆڵەتی پێبدەین، ھەروەھا نووسینگەكانی فێركردنی شوفێری دەبێ خەڵك فێری یاسا و رێنماییەكانی ھاتووچۆ بكەن و ھۆشیاریان بكەنەوە، بەداخەوە تائێستا ئەوە نییە".

عەمید عەبدولقادر سدیق، ئاماژەی بەوەشدا: "سێ ھۆكاری سەرەكی ھەن بۆ زیادبوونی رووداوەكانی ھاتووچۆ، یەكەمیان ھاتووچۆی خەڵك كە ھۆكاری سەرەكییە، دووەم كەشوھەوا و  تێكچوونی رێگاوبان، سێیەم پابەندنەبوون بە یاسا و رێنماییەكانی ھاتووچۆ".

ھ.م