ئەمەریكا: دۆخی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان سەقامگیرە

"رێککەوتنی شنگال بۆ پاراستنی پێکهاتە ئاینییەکانی ناوچەکە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی واژۆ کراوە"
ھەولێر
ھەولێر

K24 - ھەولێر

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دۆخی ئایینی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بە سەقامگیری وەسف دەکات و لە عێراقیش پێکهاتەکان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن.

کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی سەر بە حکومەتی ئەمەریکا راپۆرتی ساڵانەی لەبارەی ئازادیی ئایینی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە "بەراورد بە ساڵی رابردوو، دۆخی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان سەقامگیرە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە کار بۆ چەسپاندنی مافی پێکهاتەکان دەکات و سەرباری ئەمەش، هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئاوارەیەکی زۆری لە پێکهاتەکانی ئیزدی، کریستیان، تورکمان و شەبەک کردووە".

کۆمسیۆنەکە لەبارەی شنگال ئاماژەی بەوەداوە "رێککەوتنی شنگال بۆ پاراستنی پێکهاتە ئاینییەکانی ناوچەکە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی واژۆ کراوە، بەڵام ئێستا پێکهاتەکان لە شنگال و دەشتی نەینەوا رووبەڕووی تەحەدای گەورە بوونەتەوە و بەهۆی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و میلیشیاکانی سەر بە ئێران، توانای گەڕانەوەیان نییە و لە ساڵی 2020 حەشدی شەعبی پێشێلکاری گەورەی بەرامبەر پێکهاتە ئایینییەکان لە پارێزگای نەینەوا کردووە".

کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی، چەندین راسپاردەی ئاراستەی حکومەتی ئەمەریکا کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لە نێویاندا جێبەجێکردنی ماددەی 140 و رێککەوتنی شنگال و هەروەها سزادانی سەرکردەکانی حەشدی شەعبی.