چۆن شوناسێکی كوردستانی یەکگرتوومان هەبێت؟

Kurd24

شوناس رواڵەتێکی بابەتی و دیاردەیەکی مرۆییە، ئەگەر بە سادەترین شێوە باسی لێبکەین، دەتوانین بڵێین شووناس تایبەتمەندی مێژوویی و رۆشنبیری و دەروونی و زمانی مەبەستە.

لە لایەك دەرهاویشتەی کارتێکردنی نەریت و میراتە و لە ماوەیەکی دوور و درێژ کۆبووەتەوە. لە لایەکی تر شووناس رەنگدانەوەی تێکەڵبوونە لەگەڵ دۆخی جیهانێکی هەڵچوو و گۆڕاو، هەروەها شوناس تێکەڵبوونە لەگەڵ شەپۆڵە فەرهەنگیە تەشەنەسەندووەکان و نموونەکانی تری شارستانیەت.

بەهۆیەوە کاردانەوەی زاتی درووست دەبێت، پێمان دەڵێ چۆن بە شێوەیەکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ ئەو نەریتانە بکەین تا شووناسێکی نوێی پێ بدەین.

کەواتە شوناس بەرهەمی مێژوو و جوگرافیایە، بەرهەمی ژیانە لە سایەی دۆخێک، کە مێژوو درووستی کردووە. بۆیە شوناس بابەتێکی ستاتیکی نییە، چونکە بەرهەمی جووڵە و گۆڕانە.

ئەوەی کەوا شوناس لەناو خۆیدا بەردەوام لە جوڵەیە و دەگۆڕدرێ، کەواتە شوناس وەکو فاکتەرێ یاساکانی گەشەکردن و وەرچەرخان دەیگرێتەوە و پاشخانێکی هەیە، کە هەوڵی گۆڕانکاری دەدات لە پێکهاتەی کەسایەتی.

شوناس وەکو زمان و ئەو شتانەی بە میرات بۆمان ماوەتەوە نوێ دەبێتەوە. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ژمارەیەك شارستانیەتی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئاسەوارەکانی تاوەکو ئەمڕۆ لەناو ئەو گۆمەڵگانەی تیایاندا نەشونمای کردووە بەجێماوە و کاریگەری لەسەر تێکڕای مرۆڤایەتی هەیە.

بەدڵنیاییەوە پشکی گەورەی کاریگەری ئەو شارستانیەتانە بەر ئەو گەلانە دەکەوێت، کە لەسەر خاکیان و لە ناوچەکانی دەوروبەریان شارستانیەتەکان دامەزراوە.

ئەو شارستانیەتانە پشکداربوون لە داڕشتنی شوناسی ئەو کۆمەڵگانەی تیایاندا گەشەیان کردووە و شوێن پەنجەی خۆیان لەسەر مێژووی ئەو کۆمەڵگایانە بەجێ هێشتووە.

لە سەرەتای مێژووە لەسەر خاکی كوردستان چەندین شارستانیەت دامەزراوە، ئاسەواری ئەو شارستانیەتانە تاوەکو ئەمڕۆ بەرجەستەن و لە فۆلکلۆر و کولتوور و نەریتی گەلی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕەنگیان داوەتەوە.

شوناس وەکو هەر دیاردەیەکی تری کۆمەڵایەتی لە خوارەوە بەرەو سەرەوە بەرز دەبێتەوە.

تاك لە ناو خانەوادەیەك لە دایك دەبێ، پاشان هێدی هێدی ئینتمای بۆ هۆز و عەشرەتەکەی زیندوو دەبێت، ئینجا ئینتیمای بۆ کۆمەڵگاکەی زیاد دەکات.

چەند ئەو تاکە پێش بکەوێ ئەوەندە بازنەی ئینتیمای فراوانتر بێت، تا دەگاتە ئاستی ئینتیما بۆ نیشتمانی دایك، کە کوردستانە.

لۆژیك پێمان دەڵێ چەند لە پێناو بەرژەوەندی و شوناسێکی گەورەتر ئینتیما بۆ شتە لاوەکییەکان پاشەکشە بکات، ئەوەندە چەمکی ئینتیما بۆ نیشتمان بەهێزتر و گەورەتر دەبێت. بە فراوانبوونی فەزای ئینتیما بۆ نیشتمان بەهاو چەمکە سنووردارەکانی تری پەیوەست بە نەریت و فەرهەنگەکان، کە دەرئەنجامی تەسك بینین، روو لە داکشان دەکەن.

ئیتر قارەمانێتی بریتی دەبێت لە بەرگریکردن لە نیشتمان، نەوەك لە بەرژەوەندی تەسکی هۆزایەتی و عەشرەتگەرایی و کەسی و ملکەچکردن بۆ شوناسی دەرەکی و نامۆ. ئەو کاتە داکۆکی کردن لە نیشتمان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری و شکۆمەندی کوردستانی نیشتمان دەبێت بە بەهایەکی پیرۆز.

هەر ئەو شوناسەی کۆمەڵگەی كوردستان پێکەوە گرێ دەدات، کە بریتیە لە کۆبوونەوە لە دەور مێژوو و جوگرافیا و یەکگرتوویی ئابووری. بە سوودوەرگرتن لە فرەیی وەکو فەلسەفەیەك بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بە پاراستن و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان لە ڕووی کولتوور و زمان کۆمەڵگەی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی خۆی دەوڵەمەندتر و کاراتر پیشان دەدات.

شوناسی نیشتمانی ڕێگردەبێت لە درووستبوونی هەڕەشە بۆسەر یەکڕیزی نیشتمانی و ئاسایش و سەقامگیری. هەروەها شوناسی نیشتمانی کۆمکار دەبێت بە مایەی بڵاوبوونەوە و ڕەگداکوتانی چەمکی هاوڵاتیبوون و یەکسانی لە ماف و ئەرکەکان. ئێمە پێمانوایە گەلی کوردستان ڕێگە نادات مێژوو و شوناس و ئاسایشی بکرێت بە ئامانج و ناهێڵێ لایەنەکان لەسەر ئەم خاکە لە ناو قاوخێکی تەسک بمێنێتەوە و "گێتۆ" درووست بکەن. بێگومان مێژووی کوردستان خاڵی هاوبەشە و مێژووی گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانی.

 

* پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.