بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق: دەمانەوێت رێککەوتنی شنگاڵ تەواوی ناوچەکانی ماددەی 140 بگرێتەوە

ستیفن هیکی: خواستێكی سیاسی بەهێز لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگاڵ
ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق
ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق

K24 – ھەولێر:

بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند، خواستێکی سیاسی بەهێز لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگاڵ و دەمانەوێت رێککەوتنەکە تەواوی ناوچەکانی ماددەی 140 بگرێتەوە.

ستیفن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كه‌ ئێستا لە هەرێمی کوردستانە گوتی: "به‌ر له‌ هەموو شتێك هاتنم بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی پاڵپشتی و هاوخەمییە بۆ خەڵکی کوردستان دوای ئەو هێرشە ترسنۆکانەی لە چەند رۆژی رابردوودا کرایە سەر هەولێر و باشیك. بەهیچ شێویەك ئەو هێرشانە قبوڵکراو نین، بەریتانیا و هەموو وڵاتانی جیهان بەتوندی ئیدانەی هێرشەکانیان کرد.

گوتیشی: "ئەمرۆ کۆبوونەوەی بەرهەمدارم لەگەڵ سەرکردایەتی کورد هەبوو، بۆ ئەوەی بزانین چۆن بتوانین پێکەوە کاربکەین بۆ بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان".

روونیشیكردەوە، "بابەتی دووەم گفتوگۆکردن بوو لەسەر چۆنیەتی کارکردن لەسەر ئەو تێگەیشتن و ریککەوتنەی لە بابەتی پەسەندکردنی بودجە لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هاتووه‌ته‌ ئاراوە، لەهەمووی گرنگتر جێبەجێکردنیەتی. هەفتەی رابردوو لەگەڵ وەزیری دارایی حکومەتی عێراق و چەندین وەزیری پەیوەندیدار لە بەغدا کۆبوومەوە و ئەمڕۆش لێرە چەندین وەزیرم بینیون، خۆشحاڵم و گەشبینم بەوەی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت".

جەختیشیكردەوە، "دەمانەوێت ئەم لێکتێگەیشتن و جێبەجێکردنە بابەتەکانی دیکەش بگرێتەوە، بۆ نموونە رێککەوتنی شنگال، رێککەوتنێکی زۆر باشە و لە کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرکردایەتی کورد و بەرپرسانی بەغداش تێبینی ئەوەم کرد، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی خێرا دەکرێن. دواتر دەتوانین ئەو رێککەوتنە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە فراوانتر بکەین. نیەتێکی بەهێزی سیاسیشم لە هەولێر و بەغدا بەو ئاراستەیە بینیوە".

هیکی لە قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: "لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان لەسەر چەندین بابەتی تایبەت بە کۆمەڵگەی مەدەنی کرد، هەردوولا زۆر نیگەران بووین لە زیادبوونی حاڵەتەکانی کوشتنی بەناوی شەرفەوە لە کوردستان. بە جددیه‌ت و سووربوونی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشەیە دڵخۆشبووم و دڵنیایی پێدام بەجددی کار لەسەر ئەوە دەکات، کە یاسا سەروەر بێت و تاوانبارانی ئەو کەیسانە بە سزای یاسایی خۆیان بگەن".

گوتیشی: "حکومەتی بەریتانیاش هەموو کارێك دەکات بۆ پشتیوانیكردن لە سەرۆك وەزیران، مەسرور بارزانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشەیە".