هونه‌رمه‌ندێك سێیە‌مین كاری له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێت
K24- هه‌ولێر:
كاروان حه‌مید حه‌لاق، هونه‌رمه‌ندی كورد سێیه‌م به‌رهه‌می خۆی به ناوی "بێ په‌نایان" له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێت و ئه‌ركی زۆری كیشاوه تا بتوانێت تێچووی ئه‌و به‌رهه‌مانه دابین بكات و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، "له‌سه‌ر ئه‌و كاره به‌رده‌وام ده‌بم".
ئه‌و هونه‌رمه‌نده له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 ئاشكرایكرد، له‌ڕێگه‌ی قاپشۆرین و سكهه‌ڵكوشینی ماڵ و منداڵه‌كه‌ی تێچووی به‌رهه‌مه‌كانی دابین كردووه، به‌ڵام باكی به‌وه نییه كه‌س یارمه‌تیی ده‌دات یان نا، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، "لای ئه‌و گرنگ ئه‌وه‌یه كه له‌سه‌ر پێی خۆی وه‌ستاوه".
هه‌روه‌ها جه‌خت ده‌كاته‌وه، "هه‌ر كارێك بە ویژدانەوە بەکارهات دەبێتە مایه‌ی خۆشگوزەرانی و دڵخۆشی خەڵکانێك به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، کە شایەنی دڵخۆشین و هەموو کارێکی خێرخوازی ئاسودەبوونی هەمیشەییت پێ دەبەخشێت و ماندوبوونت کەم دەکاتەوە".
له‌و به‌رهه‌مه‌یدا هونه‌رمه‌ند دیوه شاره‌وه‌كانی ژیان و گوزه‌رانی كه‌سانی بێ په‌ناگه و بێ لانه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات نیشان ده‌دات، كه هه‌ندێكیان چه‌نده له سه‌ختیدا گوزه‌ر ده‌كه‌ن.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات، ناوه‌ڕۆكی ئه‌و كاره نوێیه‌ی، " کارێکی خێرخوازییە بۆ کەسێکی زەنگین لە دڵ و رۆح و هەژار لە ماددەدا، ئەو ئەزیزەش (ڕەشۆ زیرەك)ە بیرۆکەی ئەم کارە لە لایەن بەندە و بافڵ سەرهەنگەوە سەرچاوەی گرت".
گوتیشی: "بە پێویستمان زانی کارێک به‌رهه‌م بهێنین، بۆ ئەوەی خزمەتێکی کەمی هەژاران بکەین و لە ڕێگه‌ی هونەرەوە ژیانێکی باشتری بۆ بڕەخسێنین، تێچووی ئەم کارەش هەمووی لە سەر ئەستۆی خۆم بووە".
هۆنراوه‌ی ئه‌و گۆرانییه هی پشتیوان حه‌مید حه‌لاقه، له ئاوازی عه‌دنان شه‌ویرا و ده‌رهێنانی بافڵ سه‌رهه‌نگه و له ستۆدیۆی یاد میدیا به‌رهه‌مهێنراوه.