ئەمڕۆ یوێفا سزایەکی قورس بەسەر ریال مەدرید و یۆڤێنتۆس دەسەپێنێت

ئالێکساندەر سێفرین، سەرۆکی یوێفا
ئالێکساندەر سێفرین، سەرۆکی یوێفا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەنیازە سزایەکی توند بەسەر یانەکانی ریال مەدرید و یۆڤێنتۆس بسەپێنێت، چونکە بە پێشڕەوی 12 یانەکەی دادەنێت بۆ دروستکردنی سوپەرلیگ.
رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی رایگەیاندووە، بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەنیازن ئەمڕۆ هەینی بڕیار لەبارەی سزادانی ئەو 12 یانەیە بدەن کە سوپەرلیگیان دروستکرد و دواتر 10 یانە لە خولەکە کشانەوە، تەنیا ریال مەدرید و بارسێلۆنا نەبێت، یۆڤێنتۆسیش رایگەیاند کە ئەگەری سەرکەوتنی خولەکە زۆر سنووردارە.
رۆژنامە ئیتاڵییەکە رایگەیاندووە، بەرپرسانی یوێفا پێیانوایە ریال مەدرید و یۆڤێنتۆس خاوەن و داڕێژەری ئەم خیانەتە بوون، بۆیە دەبێت سزایەکی قورسیان بەسەردا بسەپێنرێت، هەربۆیە یوێفا لەگەڵ پاریزەرەکانی لە راوێژدایە تاکو بە شێوەیەکی یاسایی سزای هەردوو یانەکە بدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەوانەیە یوێفا ریال مەدرید لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ دووربخاتەوە کە وابڕیارە لە قۆناخی پێش کۆتایی رووبەڕووی چێڵسی بێتەوە، یوێفا بەنیازیشە ریال مەدرید و یۆڤێنتۆس لە خول و پاڵەوانێتییەکانی وەرزی داهاتووی ئەوروپا سڕ بکات، لەکاتێکدا رادیۆی کادێنا کۆپی ئیسپانی پێشتر رایگەیاندبوو ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە دوور ناخرێتەوە و یوێفا هیچ سزایەکەی بەسەردا ناسەپێنێت.