كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌یی (رۆژی زه‌وی) به به‌شداری 40 رێبه‌ری جیهان
K24 – واشنتن:
كۆماری چینیی میللی له رۆژی جیهانی زه‌ویدا رایگه‌یاند، هه‌وڵه‌كانیان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رهاوێشته زیانبه‌خشه‌كان چڕ ده‌كه‌نه‌وه و داواشیكرد، وڵاتانی جیهان هاوكاری یه‌كدی بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ژینگه‌ی جیهان.
دوێنێ 22ی نیسان، رۆژی جیهانی زه‌وی كرایه‌وه و دوای ده‌ستبه‌كاربوونی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا، له دوای دۆناڵد تره‌مپ، جارێكی دیكه ئه‌مه‌ریكا به‌شداری له یاده‌كه كرد.
د‌یڤید وه‌سكۆ، به‌رێوه‌به‌ری گه‌ڵاڵه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی كه‌شوهه‌وا، له دامه‌زراوه‌ی سه‌رچاوه جیهانییه‌كان، كه گروپێكی توێژینه‌وه‌ی لایه‌نگری پاراستنی ژینگه‌یه‌و بنكه‌ی له واشنگتنه، رایگه‌یاند ماوه‌ی چوار ساڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تره‌مپ ئه‌م بابه‌ته‌یان پشت گوێ خستبوو. ناوبراو سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ ئه‌م بابه‌ت وتی: "كۆبوونه‌وه‌كه ده‌رفه‌تێكه تاكوو ئه‌مریكا بگه‌رێته‌وه مه‌یدانه‌كه‌و به‌مه‌ش نیشانی ده‌دا گۆڕانی كه‌شوهه‌وا به جیددی وه‌رده‌گرێ."
دوێنێ پێنجشه‌ممه، سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆو بایدن لە کۆبونەوەی لووتکەیی گۆڕانی کەشوهەوادا كه به شێوه‌ی ئۆنڵاین و له‌سه‌ر داوای خۆی پێكهاتوو بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به‌رده‌وامه، وتارێكی پێشكه‌ش كرد. سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاشكرای كرد وڵاته‌كه‌ی تاكوو ساڵی 2030 هه‌وڵ بۆ کەمکردنەوەی دەرهاویشتە کاربۆنییەکان بە ڕێژەی 50 تاكوو 52 له سه‌د، ده‌دات و ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌گه‌ڵ پێشوازی به‌شداربووان رووبه‌ڕرووبوویه‌وه.
سه‌رۆك بایدن له پله‌ی سه‌رۆكی مه‌زنترین ئابووری جیهان، رایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی ده‌توانێ زۆر هه‌لی كار بڕه‌خسێنێ و وزه به‌رهه‌مێنێ به بێ ئه‌وه‌ی ژینگه پیس بكه‌ن. بایده‌ن له وتاره‌كه‌ی دا وتی: "ئه‌مڕۆ ئێمه یه‌كه‌مین گه‌ڵاڵه‌ی ئه‌مریكایی بۆ دابین كردنی تێچووی به‌ربه‌ره‌كانێ له‌گه‌ڵ گۆڕانی ناوچه‌یی كه‌شوهه‌وا به شێوه‌ی هاوئاهه‌نگ راده‌گه‌یه‌نن. له روانگه‌ی ئێمه‌وه ئه‌م به‌رنامه‌یه وڵامێكی جیهانییه به شێوه‌ی هاوئاهه‌نگ به‌و ئاڵوگۆڕه ناوچه‌ییانه."
کامڵا هێرس جێگری سەرۆک بایده‌ن، لە کۆنفرانسەکەدا به پێداگریه‌وه باسی له بایه‌خی وەبەرهەمهێنان لە سەرچاوی وزەی خاوێندا كرد‌و له‌م باره‌وه وتی: "له ده‌ڤه‌ره‌كانی سه‌ر قه‌راغ ده‌ریا، بارودۆخی ژینگەو کەشوهەوا رۆژ به رۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات. ساڵی رابردوو کارەساتی سروشتی ئه‌وتۆ خوڵقان کە چەند ناوچەیان وێران کرد."
بۆریس جانسۆن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ستایشی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی بایده‌نی كرد‌و وتی: "ئەم هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مریكا كارئاسانی ده‌كات تاكوو گۆڕانکاری لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی جیهان بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر کەشوهەوا دێت، روو بدات."
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبونەوەکەدا باسی له‌وه كرد گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیان لە سەر زەویدا."
یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه، كه‌مكردنه‌وه‌ی گازه کاربۆنییەکان بوو كه ده‌بێته هۆكاری گه‌رم بوونی گۆی زه‌وی.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، شی جین پینگ سه‌رۆكی چین خاوه‌نی دووهه‌مین ئابووری جیهان و پر حه‌شیمه‌ترین وڵاتی جیهان، وێڕای ئه‌وه‌ی به‌ڵێنیدا وڵاته‌كه‌ی به‌كار هێنانی به‌ردی خه‌ڵوز له ماوه‌ی ده‌یه‌ی داهاتوودا كه‌م ده‌كاته‌وه، هاوكات سه‌رۆكی چین بۆ پاراستنی ژینگه داوای هه‌ره‌وه‌زی نێوده‌وڵه‌تی كرد‌و وتی: "بۆ گه‌شه‌ی پاراستنی ژینگه، وڵاتانی جیهان ده‌بێ له چوارچێوه‌ی یاساكانی نێونه‌ته‌وه‌ییدا هاوكاری بكه‌ن، واته ده‌بێ كار به بڕیارنامه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان بكه‌ن."
ئه‌مریكاو چین به‌ڵێنیان داوه، به‌رهه‌هێنانی گازه کاربۆنییەکان تاكوو ساڵی 2050 بۆ 2060 كۆتایی پێ‌بێنن.