به‌ ده‌نگی وڵاتانی ئه‌وروپا ئێران بووه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی ره‌وشی ئافره‌تانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان

"ھەڵبژاردنی ئێران بۆ پاراستنی مافەكانی ئافرەت وەك ئەوەیە ئاگركەرەوە بكەیتە سەرۆكی فەرمانگەی ئاگركوژاندنەوەی شار"
نەتەوە یەكگرتووەكان
نەتەوە یەكگرتووەكان

K24 – ھەولێر:

ھەڵبژاردنی ئێران وەك ئەندام لە لیژنەی "رەوشی ئافرەت"ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بووە جێگای سەركۆنەكردن لە لایەن ژمارەیەك لە بەرپرسان و چالاكوانان، لە سایەی تۆمەتباركردنی تاران بە ئەنجامدانی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و بەتایبەتیشی ئافرەت.

بەپێی پێگەی كەناڵی "ئێران ئینتەرناشیناڵ" ئێران بە زۆرینەی 43 دەنگ، بۆ ماوەی 4 ساڵ بۆ ئەندامییەتی لیژنەكە ھەڵبژێردراوە.

لە تەك ئێران، ھەر یەك لە ژاپۆن، لوبنان، پاكستان و چین ھەڵبژێردراون وەك دەوڵەتانی ئەندام لە لیژنەكەدا.

ئەم خولەی ئێستا درووشمی "بەشداری تەواوی ئافرەت لە درووستكردنی بڕیار و ژیانی گشتیدا" بەرزكردووەتەوە، ھەروەھا " لە ناوبردنی توندوتیژی".

لە لایەن خۆیەوە رێكخراوی "یو ئێن وۆچ" ناحكومی داوای لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، لیندا تۆماس گرینفێڵد و دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا كرد، سەركۆنەی ھەڵبژاردنی ئێران بۆ ماوەی چوار ساڵ لە لیژنەی تایبەتمەند بە كاروباری ئافرەتان بكەن.

بەرێوەبەری جێبەجێكار لەو رێكخراوە چاودێرییە، ھلیل نۆیەر گوتی: ھەڵبژاردنی ئێران بۆ پاراستنی مافەكانی ئافرەت وەك ئەوەیە ئاگركەرەوە بكەیتە سەرۆكی فەرمانگەی ئاگركوژاندنەوەی شار".

رێكخراوەكە ئاماژەیكردووە، ھەڵبژاردنی ئێران بەلای كەمەوە لە لایەن 4 دەوڵەتی ئەوروپایی بووە، ئەمە جگە لە دەوڵەتە دیموكراتییە رۆژئاواییەكانی دیكه‌.

رێكخراوەكە داوای لە پەرلەمانتارانی ئەو دەوڵەتانە كردووە، داوا لە حكومەتەكانیان بكەن شێوازی دەنگدانیان لەو بابەتە ئاشكرا بكەن.

چالاكوانی ئێرانی، مەسیح عەلینەژاد، سەركۆنەی ھەڵبژاردنی ئێرانی لەو لیژنەیە كرد و لە تویتێكدا لەسەر پێگەی تویتەر گوتی: "ئەمە كارێكی سوریالییە".

گوتیشی: "رژێمێك لەگەڵ ئافرەت وەك ھاووڵاتی پلە دوو رەفتار دەكات و زیندانیشان دەكات لەبەر ئەوەی حیجابی زۆرەملێ لەبەر ناكەن، و گۆرانی گوتنیان لێ قەدەغە دەكات، ئامادەبوونیان لە یاریگاكانی لێ قەدەغە دەكرێت و رێگا بە سەفەركردنیان بەبێ رێگەپێدانی مێردیان بۆ دەرەوەی وڵات نادرێت، كەچی ئەو رژێمە بۆ بەرزترین قەوارەی مافی ئافرەت لە نەتەوە یەكگرتووەكانی ھەڵدەبژێردرێت".