ئێران له‌م چه‌ند رێگه‌یه‌وه‌ له‌ دژی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌وه‌ستێته‌وه‌

له‌ دژایه‌تیكردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كورد، ئێران له‌ هه‌مووان سه‌ختتره‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/91413ace-7aef-4ec0-884e-1daa0398e988/Eran%20Barzani.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

ئێستا لە چەند ناوەندێكی راگەیاندنی جیھاندا، بەگەرمی باسی خه‌ونی گه‌وره‌ و له‌ مێژینه‌ی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی  دەكرێت، له‌ راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كاندا باسی ئەگەری دروستبوونی چەندین دەوڵەت، لەوانە دەوڵه‌تی کوردی لە باشووری كوردستان دەكرێت.

بەشێك لەو راگەیاندنانە پێیانوایە، وڵاتانی هەرێمی  لەبەردەم  پرۆژەی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، دەستەوەستان ناوەستن و ئێرانیش کە بە راشکاویی دژایەتی خۆی بۆ ئەو پڕۆژەیە راگەیاندووە بەربەستێكی گەورەیە.  

ئێران لە پەراوێزی وڵامدانەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بۆ پرسی ریفراندۆم، بە روونی هەڵویستی خۆی راگەیاند و دەڵێت : "تاران لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقە و باشترە هەرێمی کوردستان زیاتر خەریکی باشترکردنی ئابووریان بن و کێشەی دیکە بۆ عێراق دروست نەکەن".

بەبەراورد لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان، تەنیا ئێران بەئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ پرۆسەی ریفراندۆم دەڕبڕیوە، کە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپات لەئەنجامدانی دەکاتەوە، هەر چەندە  هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق، بەڵام دژایەتیکردنی ئێران بە بەراورد لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش، سەختترە.

بەبۆچوونی چاودێران کارتەکانی بەردەستی ئێران بۆ پەکخستنی پرۆسەی  ریفراندوم:

یه‌كه‌م: نزیکكردنەوەی پارتەکانی کوردییەکانی باشوور و دروستکردنی بەرەیەك بەسەرۆکایەتی نەوشیروان مستەفا کە رکابەری توندی  بارزانی دەکات.

دووه‌م: دوای بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نێشتیمانی کوردستان،  هەوڵبدرێ  پارتەکانی  ئیسلامی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامیش لەو بەرەیە بەشداریان پێبکرێت.

سێیه‌م: زەققکردنەوەی داوای گۆڕینی پرسی سەرۆکایەتی بۆ پەرلەمانی، تا هەرێمی کوردستان بە پرسی ناوخۆوە سەرقاڵبکرێت و پرسی ریفراندۆم کاڵبێتەوە.

چواره‌م: نزیكکردنەوەی هەولێر لە بەغدا و بەرزکردنەوەی داوای دووبارە گەڕانەوەی فراکسیۆنەکانی کورد، بەبێ بوونی گه‌رەنتی و هیچ دڵنیاییەك لە بەغدا.

پێنجه‌م: جووڵەپێکردنی حەشدی شەعبی و و نانەوەی دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچە كوردستانییه‌کانی دەرەوه‌ی ئیدارەی هەرێم.

شه‌شه‌م: بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە بۆ گۆڕینی رای گشتی و کاڵبوونەوەی خواستییان لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، بەشێوەیەك قەناعەت بە خەڵک بهێنرێت، بارودۆخی هەرێم ئامادەی ئەو پرۆسەیە نییە.

لەگەڵ بوونی ئەو کارتانەش، بەڵام هەندێك لە سیاسەتمدارانی کورد پێیانوایە، ئێران ناتوانێت نسکۆی شۆڕشی ئەیلول دووبارە بکاتەوە.

له‌ ئێستادا هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی نەخوازراودا تێدەپەڕێ، لە لایەک دووچاری شەڕێکی سەخت و داسەپاو بووه‌تەوە لەگه‌ڵ تیرۆریستانی داعش، لە لایەکی دیکەوە دووچاری قەیرانێکی دارایی توند بووه‌تەوە، هەموو ئەوانە بارگرانییەکی گەورەیان درووست کردووە، بەڵام لە نێو هەموو ئەو دژوارییانەشدا کوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی سەربەخۆیی.

خەونی گەورە و لەمێژینەی کورد بۆ سەربەخۆیی ئێستا لە نێو گشت  سەرکردەکانی کورددا، مەسعود بارزانی زیاتر داکۆکی لەسەر دەکات و دەڵی ئەمە مافی کوردە و پێویستە بەمنزیکانە خەڵکی کوردستان دوابڕیاری خۆیان لەسەر بده‌ن، به‌ڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا کورد دەتوانێت لەگەڵ بوونی ئەو هەموو بەربەستانە، خەونە گەورەکە بکات بەڕاستی؟