باره‌گای بارزانی سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی خەڵك ئیدانه ده‌كات

"هەر كەس و لایەنێك لە پشت ئەو كردە نابەجێیە بێت، پێویستە بە سزای خۆی بگات"
باره‌گای بارزانی
باره‌گای بارزانی

K24 - هه‌ولێر:

بارەگای بارزانی رایگه‌یاند، سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی خەڵک ئیدانە دەکات، كه‌ لاپەڕەکانی قورئانی پیرۆز بە دڕێندراوی لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر فڕێدرابوون، داواشی‌ لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، هەر كەس و لایەنێك لە پشت ئەو كردە نابەجێیە بێت، ئامانجی تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە و پێویستە بە سزای خۆی بگات.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی بارەگای بارزانی:

شەوی رابردوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا چەند دیمەنی لاپەڕەکانی قورئانی پیرۆز بڵاو كرانەوە، كە زۆر بە داخەوە بە دڕێندراوی لە یەكێك لە شەقامەكانی شاری هەولێر فڕێدرابوون. سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكانی خەڵك بابەتێكی مەترسیدارە و بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نییە، هەر كەس و لایەنێك لە پشت ئەو كردە نابەجێیە بێت، ئامانجی تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و فیتنەگێڕییە و پێویستە بە سزای خۆی بگات.

ئەوەی روویداوە، بەزاندنی هەموو سنوور و هێڵێكی سوورە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكەن و دەبێت رێگە لەو جۆرە تاوان و رەفتارە ناشاییستانە بگیرێت.

بارەگای بارزانی

23ـی نیسانی 2021