هەڕەشە لە چالاکوانەکانی عێراق دەکرێت

بەشێکی چالاکوانان هاتوونەتە هەولێر
گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌ به‌غدا
گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌ به‌غدا

K24 - هه‌ولێر:

چالاکوانانی خۆپیشاندانەکەی (25ی ئۆکتوبەری 2019) کە لە بەغدا و شارەکانی عێراق خۆپێشاندانیان کرد دژ بەحکومەتی عێراق، لەترسی هەڕەشەی گرووپە چەکدارە میلیشیاکان هاتوونەتە هەولێر، ئەوان وەک خۆیان دەڵێن ناتوانن بگەڕێنەوە بەغدا و هەندێک لەو چالاکوانانە لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە تەقەیان لێکراوە و بەشێکیان هاورێ و کەسی نزیکیان لەدەستداوە، هەندێکیانیش لەلایەن ئەو میلیشیایانە دەستگیرکراون و بۆ ماوەیەک لە زیندان بوونە.

گۆڕەپانی تەحریری بەغدا بە هێزی پاراستنی یاسا تەنراوە، ئەگەر چی حکومەتەکەی کازمی خۆی بەپاڵپشتی خۆپیشاندەران دەناسێنێت، بەڵام ترسی لەدەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانه‌كان هەیە، تەنانەت ئۆتۆمبێلی سەربازیش لە کوچە و کۆڵانەکانی بەغدا دانراون.

لە ترسی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان زۆربەی چالاکوانە دیارەکانی خۆپێشاندانەکان هەڵاهاتوون، سەرجەم رێکخەران و چالاکوانانی خۆپێشانەکان کە هاتونەتە هەولێر شیعە مەزهەبن، لە ستەمی گرووپە میلیشیاکانی شیعە هەڵاهاتوون.

موشتەبه عەباس، لە خۆپیشاندانەکانی ئۆکتوبەر لەبەغدا بە گوللەی هێزە ئەمنییەکان برینداربووە، ئێستاش ناوی لە لیستی گرووپە میلیشیاکان هەیە و ناتوانێت بگەڕێتەوە زێدی خۆی.

له‌ پەخشی راستەوخۆی فیسبوک رفێنراوە. بۆ سێ مانگ لە زیندانی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بوو، پاش ئازادکردنی لەترسی دووبارە دەستگیرکردنەوەی هاتۆتە هەولێر.

مەیسه‌م مەیاحی، چالاکوان گوتی: "لێرە دانیشتووین وازمان لێ ناهێنن، هەموو رۆژ لەمیدیاکانیانەوە دەڵێن، بارزانی پاڵپشتی ئێوە دەکات، هێرش دەکەنە سەرمان، هەرەشەمان لێ دەکەن، بەو کارانە دەیانەوێت ئێمە لێرەش دەربکەن و هەرێم ئێمە بگەڕێنێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی دەستگیرمان بکەن".

ئەوانەی کە لەم ماڵە دەژێن، هەر یەکە و لە پارێزگایەکی عێراقەوە هاتوون، مالیک خەڵکی بەسڕاییە، نووسەر و شاعیرە، زۆربەی دروشمەکانی گۆرەپانەکانی خۆپیشانەکانی دەنووسییه‌وە.

مالیک عەبدوون، نووسەر و شاعیر گوتی: "یاسا نییە، بۆیە ترسمان هەیە، کازمی کە هێنراوە بەدڵی گرووپە میلیشیاکانە، چونکە بێ دەسەڵاتە، بۆچی عەدنان زرفیان قبوڵ نەکرد، چونکە ئەو بەهێز بوو، رێگەی بەمیلیشیاکان نەدەدا".

پەرلەمانی عێراق لێژنەیەکی لێکۆلێنەوەیان دروست کرد لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان لەخۆپیشاندەران، بەڵام کارەکانی لیژنەکە هەر زوو کۆتایی پێهێنرا.

راستە ئێستا هیچ خۆپیشاندانێك لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا نەماوە، بەڵام هیچ لە داواکارییەکی خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکراون، بۆیە ئەگەری دەستپێکردنه‌وه‌ی خۆپیشاندان لە ئارادایە.

د.ی