سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه‌ پێگه‌یشت

بلینیكن: بە توندی هێرشەکانی رۆکێت و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان لەدژی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی سەرکۆنه‌ ده‌كه‌ین
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌رشیڤ
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نتۆنی بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌رشیڤ

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (23ی نیسان/ ئه‌پرێلی 2021)، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە "ئەنتۆنی بلینکن"، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ له‌بارەی چەندین بابەتی جێی بایەخی هەردوولا کرا ، سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دۆخی ئاسایشی ناوچەکە، هەردوولا بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی رۆکێت و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان لەدژی هەرێمی کوردستان و بنکەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد.

هەرودوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی یەکڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و له‌گه‌ڵ پێویستییبوون بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعش.

پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم ئاماژەی بە کارنامەی چاکسازی حکومەت کرد بە ئاراستەی زیادکردنی داهات لە رێگەی ئەنجامدانی رێکخستنەوە لە دارایی گشتیدا، داواشی لە وەزیری دەورەی ئەمەریکا کرد،  پشتگیریی حکومەتی هەرێم بکات لە بواری تەکنیکی و هانی سەرمایەگوزاریی ئەمریکاش لە هەرێمی کوردستان بدات، بەتایبەتی  لە هەردوو بواری بانکی و وەبەرهێناندا.

دیداری
دیداری "مه‌سرور بارزانی"، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و "ئه‌نتۆنی بلینكن"، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌رشیڤ

لە درێژەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازییان لە دەرکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی کرد. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی هەرێم چاوەڕێ دەکات بەغدا بە زووترین کات، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. پابەندبوونی حکومەتی هەرێمیشی بە یاساکە دووپات کردەوە.

سەرۆکی حکومەت داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش کرد، کە رۆڵی کاریگەری خۆی لە یارمەتیدانی هەولێر و بەغدا بگێڕێت بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە. هەروەها بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بەشی خۆی لەو قەرزە نێودەوڵەتیانە وەربگرێت، کە بە عێراق دەدرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقيان تاووتوێ كرد، هەردوولا نيگەرانیی خۆیان بەرامبەر گرووپ و میلیشیا لە یاسادەرچووەکان دەربڕی، کە کێشە و ئاستەنگ بۆ هاوبەشیی ئەمەریکا لە گەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد دروست دەکەن، کە ئامانجی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.

لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتننامەی شنگال کردەوە.