کوردستان و بەهاکانی نيشتمانسازی

Kurd24

راستە کوردستان وەکو نیشتمان یەکەیەکى جوگرافى سیاسى یەکگرتووی هەیە، کە لە لایەن پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن و ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە کە بە گوێرەى ماددەى 140ى دەستوورى هەمیشەیى عێراق چارەنووسیان دیاریدەکرێت، دواجار لە ڕێگەی جێبەجێکردنی میکانیزمە دەستوورییەکان بۆ ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.

بەڵام ئەوەی ئێمە لە رێگەی ئەم نووسینەمان مەبەستمانە ئاماژەی پێ بکەین بەها نیشتمانییەکانە، کە پێویستە بەرز رابگیرێن تا پرۆژەی نیشتمانسازی، کە کۆدەنگی نیشتمانی لەسەره، بتوانێت رەهەندە سیاسییەکانی یەكبوونێکی سەرکەوتوو لەناو سەرجەم کۆمەڵگەی کوردستان چالاک بکات. 

ئەوەی ئێمە تێبینی دەکەین، هەرێمی کوردستان لە سیاسەتەکانیدا پشت بە گەشەپێدانی هەمەلایەن و بەردەوام و بنەماکانی حوکمڕانی باش و شەفافیەت و هاووڵاتیبوونی کارای کوردستانی دەبەستێت و بە ئەندازەی تواناکانی  بە سیاسەتێکی حەکیمانە کار بۆ پاراستنی کولتووری نیشتمانی گەلی کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەکات بۆ سەرجەم پێکهاتە جیاجیاکانی.

بەها نیشتمانییەکان هەڵقوڵاوی بڕوای بێگەردی گەلی کوردستانە، ئەم بەها نیشتمانیانە رێبەری رەفتار و هەڵوێستی هاووڵاتیانی هەرێم دەکەن، کە لای خۆیانەوە بە هەستیاری و بە ویستێکی پێکەوەیی کاردەکەن لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی یەك ئامانج، ئەویش پاراستنی سەقامگیری و گەشەپێدانی کوردستانە لەسەرجەم بوار و ئاستەکان.

کوردستان وەکو نیشتمانێکی مۆدێرن لەسەر چەندین بنەمای سەرەکی و دیاریکراو  لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی نەگۆڕ و دەسەڵاتێکی تۆکمە و گەلێکی هۆشیار بنیاتنراوە.

سەرکردایەتی سیاسی کوردستان مەبەستیەتی هەرێمی کوردستان بنەمایەکی دەستووری خۆی هەبێت، کە ئەمڕۆ زەروورەتێکی واقعیە، بۆیە هەوڵ دەدات چەمکە مرۆیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە سازان رێکبخاتەوە.

بیرۆکەی هاووڵاتیبوون لە راستیدا رێگەیەکی بنەڕەتییە بۆ رابوون، دوور لە ئایدیۆلۆژیای تایفەگەری و دۆگماتیزمی تاریكپەرستی، چونکە کۆمەڵگە لە خوارەوە بۆ سەرەوە بنیات دەنرێ و هاندانی بەهرەمەندی و توانا ئەرێنییەکان زۆر پێویستن بۆ ژیانەوە و نیشتمانسازی.

ناسنامەی نیشتمانی سیستەمێکە پێکهاتووە لە بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی پەیوەست بە شێوازی ژیانی مرۆڤی کوردستانی چ لە رابردوو و چ لە ئێستا و چ لە ئایندە.

ئەم سیستەمە پێویستی بە بوونی مرۆڤەکانە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پەرتەوازەیی و لەناوچوون.

ئەمەش کاتێ دەستەبەر دەکرێت، ئەگەر ئێمە کار بۆ بەهێزکردنی چەمکە سەرەکییەکانی هەستکردن بە ئینتیما بکەین، بۆ نموونە چەمکی هاووڵاتیبوون، کار، دەستپێشخەری بەرهەمدار. 

درووستکردن و دامەزراندنی میدیا و رۆژنامەگەری بابەتی و بێلایەن پشکدار دەبێت لە بڵاوبوونەوەی روحی لێبوردەیی و نەهێشتنی توندوتیژی و دەمارگیری رەگەزی و ئایینی، لە هەمان کاتدا پابەندبوون بە پرەنسیپە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و نیشتمانییەکان بەهێز دەکات.

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاست و درووست بنیات بنرێن و رۆڵی کارا بگێڕن لە سەر بنەما دەستووری و یاساییە تەندروستەکان، ئەوا کاریگەری ئەرێنیان دەبێت لە بەهێزکردنی بەها نیشتمانییەکان و دەبن بە پاڵپشتیەکی بەهێز بۆ دیموکراسیەتێکی تەندروست، ئەو کاتە دەتوانرێ رای گشتی هان بدرێت بۆ پشتگیریکردنی بەرپرسیارێتییەکانی حکومەت لە بوارەکانی پەرەپێدانی ئابووری گشتگیر و باشترکردنی ئاستی بژێوی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و چارەسەرکردنی هەژاری و نەخوێندەواری و بێکاری و دەستەبەرکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە رووی ئاسایش و تەندروستی و خوێندن و کولتوور.

لە کۆتاییدا سیاسەتمەداری گەورەی هەرێمی کەتەلۆنیا "ئەنتۆنیۆ مۆرا" (1853-1925) دەڵێت: "نیشتمان بێ خۆشەویستی نەوەکانی بوونی نابێ".