دانپێدانانی بایدن به جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان به‌رپرسانی توركیای هێنایه ده‌نگ
K24- هه‌ولێر:
هه‌ریه‌ك له ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا و مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته به‌توندی به‌یاننامه‌كه‌ی جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایان ره‌تكرده‌وه، كه له كۆشكی سپی بڵاوكرایه‌وه و تێیدا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به فه‌رمی دانی به جینۆسایدكردنی ئه‌رمه‌نه‌كاندا ناوه له‌لایه‌ن ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانییه‌وه.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا گوتی: سیاسه‌تی لایه‌نی سێیه‌م و مشتومڕییه‌كانی بۆ رووداوه‌كانی ساڵی 1915 و به‌ئامرازكردنی ئه‌و رووداوانه بۆ ده‌ستوه‌ردان له دژی توركیا، سوودی بۆ هیچ لایه‌نێك نابێت، ئه‌مه‌ش وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و به‌یاننامه‌ی بایدن، كه تێیدا به فه‌رمی دانی به جینۆسایدكردنی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا دانا.
سه‌رۆكی توركیا گوتیشی: ناكرێت رێگه به سڕینه‌وه‌ی ئه‌و رۆشنبیرییه‌ی پێكه‌وه ژیان بده‌ین، كه ماوه‌ی سه‌دان ساڵه تورك و ئه‌رمه‌نه‌كانی كۆكردووه‌ته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌وه‌ی تورك و ئه‌رمه‌نه‌كان كۆده‌كاته‌وه به‌رژه‌وه‌ندی نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كی باوه‌ڕپێكراوه به ده‌وڵه‌ت و به‌ها باڵاكان".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه هه‌ر ئه‌مڕۆ، دوای دانپێدانانه‌كه‌ی بایدن، مه‌ولود چاویش ئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا تووڕه‌یی وڵاته‌كه‌ی له لێدوانێكدا راگه‌یاند و گوتی: "وڵاته‌كه‌ی سه‌رله‌به‌ری ئه‌و بڕیاره‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ دانپێدانان به كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌لایه‌ن ئیمپراتۆریه‌تی عه‌سمانییه‌وه ره‌ت ده‌كاته‌وه".
چاویش ئۆغلۆ دووپاتیكرده‌وه، "ناكرێت هیچ كه‌سێك ئێمه فێری مێژووه‌كه‌مان بكات. هیچ شتێك نییه بۆ ئه‌وه‌ی له‌كه‌سێكی دیكه‌وه له‌باره‌ی رابردووی خۆمانه‌وه فێر ببین.. خۆده‌رخستنی سیاسی گه‌وره‌ترین ناپاكییه بۆ ئاشتی و دادپه‌روه‌ری.. ئه‌و به‌یاننامه‌یه به‌ته‌واوی ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه، كه ته‌نیا پشتی به بنه‌مای لایه‌نگیری به‌ستووه".
هه‌وره‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتی: "وڵاته‌كه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی رووداوه‌كانی 1915 به توندترین زاراوه ئیدانه ده‌كات".
ئه‌م كاردانه‌وه ئه‌ردۆغان و چاویشئۆغلۆ دوای ئه‌وه هاتووه، ئه‌مڕۆ كۆشكی سپی رایگه‌یاند، له به‌یاننامه‌یه‌كدا جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته به فه‌رمی دانی به‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌دا ناوه، كه له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانییه‌كان ده‌رهه‌ق به ئه‌رمه‌نه‌كان ئه‌نجامدرابوو.
پێشتریش له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بایدن به‌ڵێنیدابوو، كاتێك كه بوو به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌فه‌رمی دان به جینۆسایدكردنی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌لایه‌ن توركیاوه ده‌نێت و دووپاتیكردبووه‌وه، پرسه‌كانی مافی مرۆڤ له پێشینه‌ی گرنگیپێدانی سیاسه‌تی ئیداره‌كه‌ی ده‌بن.
جێگای ئاماژه‌یه، رۆناڵد رێگن، سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 1981 ده‌سته‌واژه‌ی "كۆمه‌ڵكوژی"ـی له دیمانه‌یه‌كدا بۆ ئه‌و رووداوه مێژووییه به‌كارهێنا، به‌ڵام دواتر به‌هۆی هه‌ڵوێسته تووڕه و تونده‌كه‌ی توركیا بۆ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه، رێگن له لێدوانه‌كه‌ی پاشگه‌ز بووه‌وه.
هه‌روه‌ك باراك ئۆباما، سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكاش، كاتێك بایدن جێگره‌كه‌ی بوو، له ساڵی 2008 پاكتاوكردنی ئه‌رمه‌نه‌كانی به "جینۆساید" ناوبرد، به‌ڵام دواتر له ماوه‌ی 8 ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی نه‌برده سه‌ر، كه له‌باره‌ی ئه‌و دۆسییه دابووی.
H.B