سەدەیەکە باخەکانی هەورامان کار به‌ سیسته‌می نۆبه‌‌ئاو ده‌كه‌ن

باخدارەکان پابەندی سیستەمەکەن و ئامادە نین بەهۆی وشکە ساڵییەوە تێکیبدەن
هه‌ورامییه‌كان پابه‌ندی سیسته‌می نۆبه‌ئاون
هه‌ورامییه‌كان پابه‌ندی سیسته‌می نۆبه‌ئاون

K24 - هه‌ولێر:

دوای سەدەیەک لە دانانی نۆبەئاو لەلایەن "قادر بەگی جافرستان" بۆ باخەکانی هەورامان، ئیستاش لەم وەرزی کەم ئاویەدا کاری پێدەکریت و ئەو نۆبە ئاوە سەدەیەکە نەشێوێنراوە و بەو شێوەی کە دانراوە کاری پێ دەکرێت، هەر لەو رۆژەی دانراوە تا ئەمڕۆ هیچ کەسێك گرفتی لەگەڵ ئه‌و سیسته‌مه‌ نەبووە، مەبەست لە دانانیشی هەر ئەوەیە بۆ ئاودانی باخەکانیان خاوەن باخەکان تووشی گرفت نەبن.

نزیکەی یەک سەدە بەر ئێستا کاتێك رووبەری باخەکانی هەورامان رووی لەزیاد بوون کرد، سیستەمێکی ئاودێری بۆ باخەکانی هەورامان لەسەر دەستی "قادر بەگی جارفرسان" لە ساڵی (1928)دانرا، تا ئێستاش هەورامییەکان پابەندن بەم سیستەمەوە.

ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشوتر، وشکە ساڵی تەنگی بە باخدارەکانی هەورامان هەڵچنیووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە کاتی كه‌مئاویدا هێشتا باخدارەکان پابەندی ئەو سیستەمی ئاودێرییەن، کە لە باوباپیرانیانەوە بۆیان بەجێماوە، ئێستا ئەو ئاوەی بەر دەدرێتەوە بەشی ئاودانی باخەکان ناکات، بەڵام باخدارەکان پابەندی سیستەمەکەن و ئامادە نین ئەو سیستەمە جوانە بەهۆی وشکە ساڵییەوە تێکبدەن.

لەم سیستەمەدا کاتی ئاودانی هەر باخێك بەپێی کاتژمێری عەرەبی و جوڵەی خۆر دیاری کراوە، ئەم سیستەمه‌ی ئاودێرییەش بۆیەکەمجار لەناو شارەدێی  تەوێڵە دەستی پێکردووە و دواتر لە گودندەکانی دیكه‌ی هەوراماندا پەیڕەو کراوە. ئەم بڕیاری دروستکردنی سیستەمی ئاودێرییەش لەلایەن "قادر بەگی جافرسان"ەوە درا، بۆ ئەوەی کێشە لەنێو باخدارەکاندا درووست نەبێت، ئێستاش پاش نزیکەی یەک سەدە لە درووستکردنی ئەو سیستەمە، ئەگەرچی وشکەساڵی رووی لە ناوچەکە کردووە، بەڵام هەورامییەکان هەر پابەندی ئەو سیستەمی ئاودێرییەن.

د.ی