وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندن لە وڵاتى هیند رادەگەیەنێت

K24 - هەولێر
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زەمالەى خوێندنى ماستەرو دکتۆرا لە وڵاتى هیند لە چوارچێوەى پرۆگرامى ئەنجومەنى هیندى بۆ پەیوەندییە کلتورییەکان بۆ مامۆستا و فەرمانبەر و هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان لە بوارەکانى کلتورى هیندى وەک (سەما، مۆسیقا، شانۆ، پەیکەرسازى و زمانە هیندییەکان) بۆ ساڵى خوێندنى (2021-2022) رادەگەیەنێت.
لەو چوارچێوەیەدا هەر کەسێک مەرجەکانی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزوی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی هیند هەیە، بەلەبەر چاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکانە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن، کە دوا کات بۆ پێشکەشکردن بریتیە لە (30/4/2021):
تێبینی: وەزارەت تەنها کار لە سەر هەردو بەرنامەی ماستەر و دکتۆرا دەکات.
1. ماستەر:
- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
- دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر نەبێت.
- دەبێت تەمەنی پێشکەشکار لە (٤٥) ساڵ زیاتر نەبێت.
- ئاستی توانستی زمانی داواکراو لەبەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێویستە پێش پێشکەشکردن، تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
- کاندیدی سەرکەوتو ئەگەر دامەزراو بێت، پێویستە لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- پێشکەشکردن راستەوخۆ، و تەنها لەڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (هیند) دەبێت.
- لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نیە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تادەرچونی ئەنجامی زەمالەکە بەهیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.
- دوا کات بۆ پێشکەشکردن بریتیە لە (30/4/2021).
2 دکتۆرا:
-پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
-پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا پێویستە بە لایەنی کەم دو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
- دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (70%) کەمتر نەبێت.
- دەبێت تەمەنی لە (50) ساڵ زیاتر نەبێت.
- ئاستی توانستی زمانی داواکراو لەبەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێش پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کەداواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
- کاندیدی سەرکەوتو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی جێگیرەکان.
- کاندیدی سەرکەوتو لەلایەن وڵاتی هیند پشتگیری دارایی دەکرێت، و بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەری زەمالەکە بکەن.
- پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ، و تەنها لەڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە دەبێت.
- لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەڕی زەمالەکەیە، وەزارەتەکەمان هیچ فایلی لەبەردەست نیە تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تادەرچونی ئەنجامی زەمالەکە بەهیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن.
- دوا کات بۆ پێشکەشکردن بریتیە لە (30/4/2021).