وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق و پارێزگاری به‌غدا له كاره‌كانیان هه‌ڵپه‌سێردران

K24 - هه‌ولێر:
به‌هۆی رووداوی سووتانی نه‌خۆشخانه‌ی "ئیبن خه‌تیب"ی تایبه‌ت به كۆرۆنا له به‌غدا، هه‌ریه‌كه "حه‌سه‌ن ته‌میمی"، وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق و "محه‌مه‌د جابر عه‌تا" پارێزگاری به‌غدا هه‌ڵپه‌سێردران و خرانه ژێر لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه.
حكومه‌تی عێراق بڕیاریداوه لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ناوخۆی عێراق پێكبهێنرێت، كه هه‌ر یه‌ك له وه‌زیری پلاندانان و وه‌زیری داد و سه‌رۆكی چاودێری دارایی فیدراڵ و نوێنه‌رێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیش له لیژنه‌كه‌دا به‌شدار ده‌بن، لێكۆڵینه‌وه له وه‌زیری ته‌ندروستی و پارێزگاری به‌غدا و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ره‌سافه ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ده‌بێت ئه‌و لیژنه‌یه له ماوه‌ی (5) رۆژدا كاره‌كانی ته‌واو بكات و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش بخاته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و رای گشتی.
شه‌وی رابردوو به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بوتڵی ئۆكسجین، نه‌خۆشخانه‌ی "ئیبن خه‌تیب"ی تایبه‌ت به كۆرۆنا له به‌غدا، گڕی گرت و سووتا، تا ئێستا بە هۆی رووداوەکە 82 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 110 کەسیش بریندار بوون.
د.ی