توركیا: لە كاتی گونجاودا وەڵامی راگەیاندنە "شەرمەزارییه‌كەی" ئەمەریكا لە بارەی كۆمەڵكوژی ئه‌رمه‌ن دەدەینەوە

"لەمیانی مانگەكانی داھاتوودا توركیا بەشێوازی جیاجیا وەڵام دەداتەوە"
ئاڵای ئەمەریكا و ئاڵای توركیا
ئاڵای ئەمەریكا و ئاڵای توركیا

K24 – هەولێر:

ئیبراھیم كالن، گوتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا، ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند، داننانی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن بەوەی ئەرمەنەكان لە سەردەمی عوسمانی دووچاری كۆمەڵكوژی بوونە، كارێكی "شەرمەزانەیە".

جەختیشیكردەوە، لەوەی لەمیانی مانگەكانی داھاتوودا توركیا بەشێوازی جیاجیا وەڵام دەداتەوە.

گوتەبێژی سەرۆكایه‌تی توركیا، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز گوتی: "لە رۆژان و مانگەكانی داھاتوو، توركیا وەڵام و كاردانەوە بە شێوازی جیاجیا و به‌ پلەی جیاواز دەبێت".

دەستنیشانیشی نەكرد، كە ئایا توركیا كۆت و بەند دەخاتە بەردەم گەیشتنی ویلایەیە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە بنكەی ئەنجەرلیكی ئاسمانی لە باشووری توركیا، كە بۆ پشتیوانیكردنی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەكاری دەھێنێت لە شەڕی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا و عێراق، یاخود رێكاری دیكە دەگرێتەبەر.

رۆژی شەممەی رابردوو، بایدن دانینا بە كۆمەڵكوژی 2015ی ئەرمەنەكان لە لایەن توركیاوە و بەمەش لە شێوازی كۆشكی سپی دەرچوو لە ھەڵپەساردنی داننان بە كۆمەڵكوژییەكە بۆ دەیان ساڵ. ئەم بڕیارەی بایدن ئەرمینیا و ئەرمەنییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی دڵخۆش كرد، بەڵام گرژیی زیاتری خستە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە، كە ھەردووكیان ئەندامن لە پەیمانی باكووری ئەتڵەسی.

توركیا ئەو راستییە قبووڵ دەكات، كە ژمارەیەكی زۆر لە ئەرمەنییانەی لە ناو ئێمپراتۆرییەتی عوسمانیدا دەژیان، لە شەڕەكانی ھێزەكانی توركیا لە شەڕی یەكەمی جھانیدا كوژراون، بەڵام رەتیدەكاتەوە كاری كوشتنیان رێكخراو بێت و بە شێوەیەكی بەرنامە داڕێژراو ئەنجامدرابێت وەك كۆمەڵكوژی.

سەرچاوە: رۆیتەرز