کاروانێکی دیکەی ڤاکسین گەیشتە هەرێمی کوردستان

سبەی لە بنکەکانی پێدانی ڤاکسین بەردەست دەبێت
بنکەیەکی پێدانی ڤاکسین لە هەولێر
بنکەیەکی پێدانی ڤاکسین لە هەولێر

K24 – هەولێر

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند "کاروانێکی دیکەی ڤاکسین گەیشتە هەرێمی کوردستان و سبەی لە بنکەکانی وەرگرتنی ڤاکسین بەردەست دەبێت".

لەوبارەوە د. سەرهەنگ جەلال، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "درەنگانی شەوی رابردوو کاروانێکی ڤاکسین لە جۆری فایزەر کە  2340ژەم ڤاکسینە گەیشتە هەولێر".

گوتیشی: " 1170 بۆ هەولێرە و 1170ی دیکەش بۆ سۆرانە، سبەی شەو لە بنکەکانی پێدانی ڤاکسین بەردەست دەبێت، ئەو کەسانەی ناوی خۆیان تۆمارکردووە و نامەیان بۆ هاتووەتەوە دەتوانن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین سەردانی ئەو بنکەیە بکەن کە دیاریان کردووە".

جەختیکردەوە: "تەنها ڤاکسین بەو کەسانە دەدرێت کە ناویان تۆمارکردووە و نامەیان بۆ هاتووەتەوە، ئەوانی دیکە پێویست ناکات بچنە بەردەم بنکەکانی پێدانی ڤاکسین، چونکە رێگەیان پێنادرێت بچنە ژوورەوە".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24  تائێستا لە سنووری هەولێر 25 هەزار کەس ڤاکسینی کۆرۆنای لێدراوە و 55هەزار کەسی دیکەش فۆڕمی ئۆنلاینیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمار کردووە. بە گوتەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی ئامانجیانە تا کۆتایی ئەمساڵ 20٪ هاووڵاتییان هەرێمی کوردستان ڤاکسین وەربگرن.