کۆرۆنا جارێکی دیکە نرخی نەوتی دابەزاند

خواست بۆ نەوت لە ئەمەریکا و چین زیادیکردووە
نرخی نەوت
نرخی نەوت

K24 - هەولێر

بە کاریگەری هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هیندستان، کە سێیەم بەکاربەری نەوتە لە جیهان، نرخی نەوت ئاراستەی دابەزینی وەرگرت.

سەرەڕای ئەوەی خواست بۆ نەوت لە ئەمەریکا و چین زیادیکردووە و لە ئەوروپاش تا رادەیەک خواست بەرزبووەتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان لە هیندستان، بازاڕی نرخی نەوت ئاراستەی پێچەوانەی وەرگرتووە. لە هەمانکاتدا ئەو داکەوتنە بووەتە کێشە بۆ هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس کە بڕیاریان دابوو لە سەرەتای مانگی ئایار ئەمساڵەوە پلە بە پلە ئاستی بەرهەمهینانی نەوت بەرزبکەنەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی حوزەیران بە رێژەی 0.92% بۆ 65.29 دۆلار دابەزی، هەروەها نرخی نەوتی سووکی تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ هەمان مانگ بە رێژەی 0.92% بۆ 61.37 دۆلار دابەزی.

سەرەڕای گوشارەکانی هیندستان لە بازاڕی وزە، بەڵام هەندێک ئاماژەی دیکە هەن کە باس لە گەشانەوەی بازاڕی وزە دەکەن، بە جۆرێک سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای شلەمبەرجەر پێشبینی دەکات، لە کۆتایی ئەمساڵ خواست بۆ نەوت بۆ ئاستی پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دەگەڕێتەوە، لە هەمان کاتدا ئابووری چین بەردەوامە لە گەشانەوە.