سیاسەتی دارایی وڵاتان لە بەرامبەر زیانەکانی کۆرۆنا

ژمارەیەک بانکی ناوەندی سیاسەتی نوێ بەرامبەر زیانەکانی کۆرۆنا دەگرنەبەر
بانکی ناوەندی ئەوروپا
بانکی ناوەندی ئەوروپا

K24 – ھەولێر:

دامەزراوەی بلومبێرگ پێشبینی و بەدواداچوونی لەسەر 23 بانکی ناوەندی لە جیهاندا کردووە لەبارەی کەمکردنەوە یاخود بەرزکردنەوەی رێژەی سوود، بەگوێرەی توانای بانکە ناوەندییەکانی وڵاتان، هێشتا ئابووری جیهان بەشیوەیەکی زۆر سست گەشە دەکات، هەروەها یەدەگی بانکی فیدراڵی و بانکی ناوەندی ئەوروپا و بانکی ناوەندی ژاپۆن، یەکێکن لەو 16 دامەزراوانەی جیهان، كە نیازیان نییە ئەمساڵ رێژەی سوودی بانکی بەرزبکەنەوە.

دامەزراوە داراییە جیهانییەکان پێشبینی دەکەن، شەش بانک کە زۆرینەیان لە وڵاتانی تازەگەشەسەندوون، نرخی سوود بەرزبکەنەوە، لەوانە رووسیا، بەرازیل و نایجیریا، بەڵام ژمارەیەک لە بانکەکانی دیکە پێشبینی دەکەن خەرجی قەرزەکان یاخود رێژەی سوود لەماوەی ئەم ساڵدا کەم بکەنەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی بلومبێرگ نرخی سوود لە بانکی فیدڕاڵی ئەمەریکا لە ٪0.2، ئەمەریکاش ئەو رێژەیە وەکو خۆی تاوەکو کۆتایی ساڵ بەجێگیری دە‌هێڵێتەوە، بەڵام بەپرسانی بانکی فیدراڵی ئەمەریکا گفتوگۆکانیان دەستپێدەکەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە بەرنامەی قەواڵەکاندا بکەن بەئامانجی گەشانەوەی ئابووری ئەمەریکا. پێشبینیش دەکرێ تاوەکو ساڵی 2023 ئەمەریکا رێژەی سوود بگەیەنێتە نزیک سفر.

یەکێك لە بژاردەکانش فرۆشتنی قەواڵەکانە بە بەهای 120 ملیار دۆلار مانگانە، ئەم هەنگاوەش بە ئامانجی گەشانەوەی بازاڕەکان و رەخساندنی هەلی کارە لە ئەمەریکا، بڕیاریشە هاوشێوەی مانگی ئادار 916 هەزار هەلی کار بڕەخسێنن.

راپۆتەکەی بلومبێرگ کاری لەسەر بانکی ناوەندی ئەوروپاش کردووە، کە رێژەی سوودی ئاسپاردەکان لەسەدا سفر و پۆینت سالیب پێنجە، دامەزراوە داراییەکان پێشبینی دەکەن، رێژەی سوود لە بانکی ناوەندی ئەوروپا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 وەکو خۆی بمێنێتەوە.

دامەزراوە داراییەکانی جیهان پێشبینیدەکەن، بانکی ناوەندی ئەوروپا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی پشتیوانی بۆ کۆمپانیاکان و هاووڵاتیانی تاوەکو ڤایرۆسی کۆرۆنا بەیەکجاری کۆتایی دێت. تائێستا زیاتر لە 2 ترلیۆن و 200 ملیار دۆلاری تەرخانکردووە. هەروەها مەرجەکانی پێدانی قەرزیشی ئاسانکردووە، ئەم بەرنامەیەش تاوەکو 2022 گرەنتی کراوە.

بەئامانجی کەمکردنەوەی زیانەکان و گەڕانەوەی چالاکییە ئابوورییەکان، بانکی نیشتمانی چین، رێژەی سوودی تا کۆتایی ئەم ساڵ بۆ ٪3.85 کەمکردەوە و لەهەمان کاتدا بڕی قەرزەکانیشی بۆ کەرتی تایبەت و هاووڵاتیانی زیادکردووە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی ‌دامەزراوە داراییەکانی حکومەتی چین، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی گەشەی ئابووری وڵات و هەوڵیش دەدەن پێداچوونەوە بە سیاسەتی دارایی وڵاتدا بکەن.

بەکاریگەری زیانەکانی کۆرۆنا، وڵاتانی زلهێز و گەورە ئابووری جیهان، کەوتوونەتە ژێر زیان و قەرزێکی زۆرەوە. بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانیان هەوڵدەدەن لەرێگەی بانکی ناوەندی وڵاتەکانیان گۆڕانکاری لەسیاسەتی داراییدا بکەن.