فوئاد حوسێن: چاودێری دانوستانەکانی ڤیەننا دەکەین

زەریف: دانووستانەكانی ئێران لەگەڵ 4+1 بكەین ھەنگاوی باشی بڕیوە و ھیوادارین ئیدارەی نوێی ئەمەریكا سیاسەتێكی باش پەیڕەو بكات
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی و هاوتا ئێرانییەکەی جەواد زەریف
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی و هاوتا ئێرانییەکەی جەواد زەریف

K24 – ھەولێر:

فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی جەواد زەریف، رایگەیاند، ئەوان دەیانەوێت پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ ئێران هەبێت و گوتیشی: عێراق بەوردی چاودێری دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە ڤییەننا دەکات.

فوئاد حوسێن گوتی: "بنچینەی سیاسەتی دەرەوەی عێراق بنیاتنانی پەیوەندییەكی ھاوسەنگ و بەرژەوەندی ھاوبەشە لەگەڵ ھەمووان، ھەروەھا پاراستنی سەقامگیری ناوچەكەیە. كە وابكرێت ناوچەكە خاوەن بڕیاری خۆی بێت، ھەماھەنگیش لەگەڵ وڵاتانی دیكە لەپێناو سەقامگیری ناوچەكە گرنگە بەتایبەت لە عێراق بەو واتایەی كە بەرژەوەندی عێراق لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی دیكەبێت".

گوتیشی: "لەگەڵ لایەنی ئێرانی گفتوگۆكانمان لەبارەی سەرجەم دۆسیەكان گرنگ بوون".

ئاشكراشیكرد، دانوستانی ڤییەننای تایبەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەستیپێكردووە، ئێمەش چاودێری دانووستانەكان دەكەین و ھیوادارین پێشكەوتنی بەرچاو بێتەدی لەو بوارەدا".

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە بەغدا لە كۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ھاوتا عێراقییەكەی، فوئاد حوسێن راگەیاند، عێراق رۆڵێكی كاریگەر و میحوەری دەبینێت لە ناوچەكەدا و پێویستە سەرجەم كێشەكانی ناوچەكە لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەربكرێن. 

زەریف گوتی: "گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ فوئاد حوسێن ئەنجامدا. زۆر سوپاسی دەكەم. رۆڵی عێراق بەباشی دەبینین لە ناوچەكەدا و ھەنگاوێكی باشە بۆ سەقامگیری ناوچەكە، بۆیە ھیوادارین ئەم رۆڵەی ھەنگاوی باشتری لێبكەوێتەوە و گفتوگۆی جدیانەتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوچەكە بکرێن".

گوتیشی: "بێگانەكان دەڕۆن و لێرە نامێننەوە، بەڵام ئەوە ئێمەین كە لە ناوچەكەماندا دەمێنینەوە، بۆیە پێویستە ھەماھەنگی و رێزی زیاتر لە یەكتری بگرین و بە برایانە كێشەكان چارەسەر بكەین، كە ئەمە سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێرانە".

جەختیشیكردەوە، "دانووستانەكانی ئێران لەگەڵ 4+1 بكەین ھەنگاوی باشی بڕیوە و ھیوادارین ئیدارەی نوێی ئەمەریكا سیاسەتێكی باش پەیڕەو بكات بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا بگەینە ئەوەی ھەمووان پابەندی بەڵێنەكان بن".