ئەردۆغان: بڕیاری ده‌ركردنی جووه‌كان له‌ رۆژئاوا و له‌ناوبردنیان پاكتاوی ره‌گه‌زییه‌ نه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌رمه‌نه‌كان كراوه‌

ئەردۆغان: ھیچ بەڵگەیەك و سەلماندنێك لە دادگاكانی نێو دەوڵەتیدا نییە لە سەر گوتەكانی ئەرمینیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختیكردەوە، ھەڵوێستی ئەم دوایەی ئەمەریكا سەبارەت بە گوتەكانی ئەرمینیا لەمەڕ جینۆسایدی ئەرمەنەكان ھۆكارەكەی ئەو كۆمەڵانەی فشارن كە لە واشنتن ھەن.

روونیشیكردەوە، ھیچ بەڵگەیەك و سەلماندنێك لە دادگاكانی نێودەوڵەتیدا نییە لە سەر گوتەكانی ئەرمینیا.

ئەردۆغان راشیگەیاند، ئەنقەرە ئامادەیە، لێكۆڵینەوە لە گوتەكانی ئەرمینیا بكات بەڕێگای پێكھێنانی دەستەیەك، كە زانایان و مێژوونووسان بگرێتە خۆی.

سەرۆكی توركیا ئاماژەیكرد، ھەندێك لایەن نایانەوێت لە راستی گوتەكانی ئەرمەنی تێبگەن. جەختیشیكردەوە، دەوڵەتی عوسمانی خەڵكی ئەرمەنی لە ناوچە نیشتەجێكانیان دەربەدەر نەكردوون.

ئەردۆغان لە قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: دەوڵەتانی رۆژئاوا ھەندێك گروپی بەكارھێنان و چەكی پێدان بۆ لەناوبردنی دەوڵەتی عوسمانی.

ئەردۆغان گوتیشی: گروپەكانی ئەرمەنی بە ملیۆنان لە تورك و كوردیان لە رۆژھەڵاتی ئەنادۆڵ كردنە ئامانج و كوشتاریان دژ بە ھاووڵاتیانی دەوڵەتی عوسمانی ئەنجامدا.

جەختیشیكردەوە: ئەو گرووپە ئەرمەنیانە كوشتاریان ئەنجامدا و بە سەدان ھەزار كه‌سیان لە تورك و كورد و جوویان لە شاری وان و لە نزیك دەریای رەش كردە قوربانی.

راشیگەیاند، زیاتر لە  سەد ھەزار ھاووڵاتی ئەرمەنی ئەمڕۆ لە كۆماری توركیا بە ئارامی دەژین، ھەندێك لایەن ھەوڵ دەدەن گوتەكانی ئەرمینیا بەردەوام ھەبن بۆ ھێرشكردنە سەر توركیا.

ئەردۆغان گوتی: دەوڵەتی عوسمانی بڕیاری گواستنەوە و نیشتەجێكردنی ئەرمەنییەكانی دا وەك رێگاگرتنەبەرێك دژ بە یاخیبوونیان و زیادبوونی كاری كوشتارییان، نەك دژ بە ئەگەری ھەبوونی ھەڕەشەیەك لە داھاتوودا.

هه‌روه‌ها روونیشیكردەوە، بەپێی راپۆرتەكانی ئەمەریكا ژمارەی ئەو ئەرمەنییانەی بڕیاری گواستنەوە و نیشتەجێكردن گرتووینەتەوە لە 600 ھەزار كەسی تێنەدەپەڕاند و ژمارەی راستەقینەكەش زۆر لەمە كەمترە.

سه‌رۆكی توركیا گوتی: ئەو رووداوانەی، دەكرێت بە "پاكتاوی رەگەزی" وەسف بكرێن، ئەوانەن، كە لەسەر خاكی ویلایەتە یەكگرتووەكان و دەوڵەتانی رۆژئاوا روویاندا، كاتێك جووەكانیان دەركردن و لە ناویانبردن.

سەرۆكی توركیا، داوای لە ھاوتا ئەمەریكاییەكەی، جۆ بایدن و دەوڵەتانی رۆژئاوا كرد چاو بە زیاتر لە یەك ملیۆن بەڵگەنامەدا بخشێننەوە لە ئەرشیفی توركیا سەبارەت بە رووداوەكانی 1915.