هاووڵاتییانی تورکیا لەبڕیاری بایدن بۆ به‌ جینۆساید ناساندنی كوشتاری ئه‌رمه‌ن توڕەن

"ئەوەی بایدن دەیکات سەرەتای جێبەجێکردنی پیلانێکی داڕێژراوی ئەمریکایە بۆ رووخاندن و خۆبەدەستەوەدانی تورکیا"
خۆپیشاندان لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئەنقەرە دژ بە بڕیاری بایدن لە بارەی جینوسایدی ئەرمەنەكان
خۆپیشاندان لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئەنقەرە دژ بە بڕیاری بایدن لە بارەی جینوسایدی ئەرمەنەكان

K24 – ھەولێر:

ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بە جینۆساید لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە کاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە. جیا لە ئاستی سیاسی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیش خەڵکی تورکیای تووڕەکردووە، بەشێوەیەك داوای داخستنی بنکەی سەربازی ئینجەرلیک و دەرکردنی سوپای ئەمەریکا لە تورکیا دەکەن. خۆپیشاندەرە تورکەکان دەڵێن: ئەوەی بایدن دەیکات سەرەتای جێبەجێکردنی پیلانێکی داڕێژراوی ئەمه‌ریکایە بۆ رووخاندن و خۆبەدەستەوەدانی تورکیا.

بایدن بەڵێنەکەی کەمپەینی هەڵبژاردنەکانی گەیاندەجێ و کۆمەڵکوژی زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنیی لە ساڵی 1915 لەلایەن عوسمانیەکانەوە بە جینۆساید ناساند.

لە کاردانەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکاوە، ژمارەیەک خۆپیشاندەری تورک چوونەتە بەردەم کۆنسوڵخانەی ئەمەریکا لە ئیستانبوڵ و داوای داخستنی بنکەی ئاسمانی ئینجەرلیک و دەرچوونی سەربازانی ئەمەریکا لە تورکیا دەکەن.

دیلەک جینار (خۆپیشاندەر) گوتی: "ئەم بابەتە هیچ راستییەکی بۆ نیە، ئێمە باش لەوە ئاگادارین، کە جۆ بایدن جیاواز لە سەرۆکەکانی پێش خۆی لە 24ی نیساندا ئەو دەستەواژەی بەکارهێنا و دەزانین مەبەستی چییە. ئەمە پلانێکە بۆ خستنی تورکیا، بایدن بەم راگەیه‌ندراوەی یەکەم فیشەکی رووخاندنی تورکیای تەقاند. ئێستا دەتوانین بنکەی سەربازی ئینجەرلیک و کورەجەک، کە ئەمەریکا زۆر سوودیان لێوەردەگرێت و دەتوانین ئەو دوو بنکەیە بدەینەوە بە سوپای وڵاتەکەمان. دەکرێت ئەمە بەهێزترین وەڵام بێت بۆ ئەمەریکا."

درووشمی خۆپیشاندەرەکان بریتین: "لە جینۆساید درۆیە و ئەمە پیلانی ئەمریکایە"، "سەربازانی ئەمەریکا لە تورکیا بکەنە دەرەوە"، "وەڵامێک بۆ ئەمەریکا داخستنی ئینجەرلیکە" و "کوڕانی ئەتاتورک هەرماون".

ئیمرە ئۆفلاز (خۆپیشاندەر) گوتی: "ئەوەی بایدن گوتی بەشێکی دانەبڕاوە لەو پیلانەی ئەمەریکا بۆ رووخاندن و خۆبەدەستەوەدانی تورکیا دایڕشتووە. ئەگەر سەیری بنکەکانی ئەمەریکاش بکەیت لە هەموو شوێنیکەوە دەورەی تورکیایانداوە. لە 2014ەوە شەڕی ئەمەریکا و تورکیا دەستپێکردووە. ئێمە وەکو گەنجانی نیشتیمان لێرەین بۆئەوەی وەڵامی پێویستی ئەم راگەیه‌ندراوەی ئەمەریکا بدەینەوە."

پێش بایدن سەرۆکەکانی ئەمەریکا وشەی مێژووی رەش، ئیدانە و چەندین وشە و دەستەواژەی دیکەیان بەکارهێناوە بەڵام خۆیان لە وشەی جینۆساید لاداوە. هەرچەندە هێشتا بایدنیش بە روونی تاوانەکە ناخاتە ئەستۆی تورکیا، بەڵام بە بەراورد بە سەرۆکەکانی پێش خۆی هەنگاوێکی بوێرانە و جیاوازە. دوای 106 ساڵ بووە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەکاندا بنێت.

خەڵکی تورکیا ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا بە دەستپێکی پیلانێکی مەترسیدار بەرامبەر وڵاتەکەیان دەزانن.