ئەردۆغان توركیای داخست

ژمارەی مردووان لە میانی ھەفتەی رابردوودا رۆژانە ھەر لەسەرووی 300 كەس بووە
ئیستانبۆڵ
ئیستانبۆڵ

K24 – ھەولێر:

سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان داخستنی تەواوی تا 17 ئایاری داھاتوو لەسەرتاسەری وڵات راگەیاند بە مەبەستی كەمكردنەوەی رێژەی حاڵەتەكانی مردن و تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە گوتەیەكدا دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەردۆغان گوتی: گشت گەشتەكان لەنێوان شارەكاندا پێویستیان بە رەزامەندی دەسەڵاتداران ھەیە و خوێندن تەنھا بە ئۆنلاین دەبێت. روونیشیكردەوە ھەردوو كەرتی پێشەسازی و خۆراك بەدەرن لەم كۆت وبەندە نوێیانە.

جەختیشیكردەوە، ژمارەی حاڵەتەكانی رۆژانە دەبێت لە كۆتایی مانگی رەمەزاندا بۆ كەمتر لە 5 ھەزار حاڵەت كەم ببنەوە.

كۆی گشتی تووشبووانی رۆژانە لە توركیا گەیشتبووە لوتكە و لە 16 نیسان لە سەرووی 63 ھەزار بوو پێش ئەوەی دوێنێ یەكشەممە دابەزێت بۆ 39 ھەزار حاڵەتی رۆژانە. بەڵام ژمارەی مردووان لە میانی ھەفتەی رابردوو رۆژانە ھەر لەسەرووی 300 كەس بووە.

سەرچاوە: "رۆيتەرز"