ئەمریكا نیگەرانە لە ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارانی تورکیا

" کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ئازادی رادەربڕین دەبێت"

K24 - ھەولێر

لەبارەی ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی توركیا، ئەمریکا نیگەرانی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاساكە و رایگەیاند، ئەو بڕیارە کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ئازادی رادەربڕین دەبێت لەو وڵاتە.

ماڕك تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بەو بڕیارەی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: "ئەو بڕیارە ئازادی رادەربڕین لەو وڵاتە بەرتەسك دەکات، بەتایبەتی ئەگەر ئەو بۆچوونە ھی کەسانێك بێت کە لەلایەن گەلەکەیانەوە ھەڵبژێردرابن بۆ نوێنەرایەتی کردنیان لە پەرلەماندا".

ئەمە یەکەم کاردانەوەی ئیدارەی ئۆبامایە لەسەر بڕیاری پەسەندکردنی ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران لە تورکیا، پێشتریش چەند جارێکی دیكە باراك ئۆباما، نیگەرانی خۆی نیشانداوە بەرامبەر بە خراپبوونی رەوشی دیموکراسی لە تورکیا و رەخنەی لە سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردوغان، سەرۆك کۆماری توركیا گرتووە.

دوێنێ 20ی ئایاری 2016 په‌رله‌مانی توركیا كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی بۆ ده‌نگدان لەبارەی هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی له‌سه‌ر 138 په‌رله‌مانتار ئه‌نجامدا و به ‌376 ده‌نگی به‌ڵێ له‌ به‌رامبه‌ر 140 ده‌نگی نه‌خێر پڕۆژە یاساكە په‌سندكرا.