كۆرۆنای هیندی هه‌ڕه‌شه له عێراق ده‌كات.. شانه‌ی قه‌یرانه‌كانیش هۆشداری له روودانی كاره‌ساتێك ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
شانه‌ی قه‌یرانه‌كان له په‌رله‌مانی عێراق هۆشداریی دا، له‌وه‌ی "زنجیره هیندییه‌كه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر له هاتنه‌ناوه‌وه‌ی عێراق نزیك بووه‌ته‌وه" و دووپاتیكرده‌وه، "رێككاره تونده‌كان تاكه رێگایه بۆ رێگریكردن له گه‌یشتنی ئه‌و په‌تایه بۆ ناو عێراق".
له‌وباره‌یه‌وه جه‌واد موسه‌وی، بڕیارده‌ری شانه‌ی ناوبراو له به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتی: "تا ئێستا زنجیره‌ی هیندیی ڤایرۆسی كۆرۆنا مه‌ترسیدارترین جۆره‌كانی ئه‌و ڤایرۆسه‌یه و ئێستا زۆر له‌وه نزیك بووه‌ته‌وه بگاته ناوه‌وه‌ی عێراق".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "پێویسته ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رێكاری توند و پێشوه‌خته بگرنه به‌ر، بۆ رێگریكردن له هاتنی هاووڵاتییانی هیندستان و ئه‌و وڵاتانه بۆ ناو خاكی عێراق، كه ئه‌و په‌تایه‌یان لێ تۆماركراوه و بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ رێگه‌یی هاتنیان پێ نه‌درێت".
موسه‌وی داواشیكرد، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه به هاتنی كه‌سانی بیانی بۆ ناو عێراق نه‌درێت، ته‌نیا ئه‌و كه‌سانه نه‌بن كه ڤاكسینیان پێدراوه و پسوله‌ی پشكنینی "PCR"ـیان پێیه و ده‌بێت ئه‌وانیش بۆ ماوه‌ی 14 رۆژ دوای هاتنیان كه‌ره‌نتینه بكرێن.
موسه‌وی له ئه‌گه‌ری هاتنی كۆرۆنای هیندی بۆ ناو عێراق هۆشداری روودانی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی دا، كه به گوته‌ی خۆی، توانای ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ئه‌و جۆره‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا چل ئه‌وه‌نده‌ی كۆپییه‌كه‌ی پێشووه، هه‌روه‌ك زۆریش كوشنده‌تره و تووشی سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ و هه‌موو ته‌مه‌نێك ده‌بێت.
ئه‌مه دوای ئه‌وه هاتووه، كه پیش‌تر هه‌ر ئه‌مڕۆ له به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ره‌تیكرده‌وه هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوون به په‌تای كۆرۆنای هیندی له‌و وڵاته تۆمار كرابێت.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته روبا فه‌لاح، ئه‌ندامی تیمی پزیشكی میدیایی له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی گوتی: عێراق هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوون به‌و زنجیره‌ی كۆرۆنا تۆمار نه‌كراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری هه‌موو شتێك له‌ئارادایه و ده‌كرێت گه‌شتكردن بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی په‌تایان لێیه، ببێته هۆی هێنانی زنجیره هه‌ر مه‌ترسیداره‌كانی كۆرۆنا بۆ ناو عێراق.
داواشی له هاووڵاتیان كرد، ڤاكسینی كۆرۆنا وه‌ربگرن و پابه‌ندی رێكاره‌كانی ته‌ندروستی، رێنماییه‌كانی خۆپارێزی، سه‌لامه‌تی و دووری كۆمه‌ڵایه‌تی بن.
تا ئێستا كه‌متر له 322 هه‌زار كه‌س له عێراق ڤاكسینی كۆرۆنایان وه‌رگرتووه، كه ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی كه‌مه به‌راورد به ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌و وڵاته، كه ژماره‌ی له 40 ملیۆن كه‌س زیاتره.
له عێراق ڤاكسینه‌كانی سینۆفارمی چینی، ئه‌سترازینیكای به‌ریتانی و ڤایزه‌ری ئه‌مه‌ریكی به هاووڵاتیان ده‌درێن و بێ به‌رامبه‌ر له ناوه‌نده‌كانی ڤاكسیندان له سه‌رانسه‌ری وڵات به‌رده‌ستن.
ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا له عێراق سنووری ملیۆنێك و 45 هه‌زار كه‌سی تێپه‌ڕاندووه و زیاتر له 15 هه‌زار كه‌سیش به‌هۆی ئه‌و په‌تایه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، كه تا ئێستا عێراق له ریزبه‌ندی پێشه‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بییه، كه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆرترین زیانی به‌ركه‌وتووه، هه‌روه‌ك له ئه‌گه‌ری زیاتربوونی ژماره‌ی تووشبووان، پێشبینی داڕووخانی سیسته‌می ته‌ندروستی ئه‌و وڵاته ده‌كرێت.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، دوێنێ تێدرۆس ئه‌دهانۆم گێبریسۆس، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهان گوتی: دۆخی كۆرۆنا له هیندستان "له‌ئازاربه‌خش زیاتره"، دوای ئه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه له‌و وڵاته پێی ناوه‌ته قۆناغێكی زۆر مه‌ترسیدار.
دوێنێش جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ نارندرا مودی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هیندستان ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری به‌په‌له‌ی بۆ هیندستان نیشاندا.
به‌گوێره‌ی چه‌ند گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییش، كه له دیمه‌نه‌كانیاندا دۆخی هه‌ستیاری كۆرۆنا له هیندستان نیشان ده‌ده‌ن، نقومبوونی ئه‌و وڵاته له‌ناو ڤایرۆسه‌كه‌دا ده‌خه‌نه‌ڕوو و هاووڵاتییان له‌جۆرێك ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی تۆقێنه‌ردا ژیان ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌ده‌ست كه‌می پێداویستییه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌وه ده‌ناڵێنن.
H.B