کەشتییەکی سەربازیی ئەمەریکا تەقەی ئاگادارکردنەوە ئاراستەی چەند بەلەمێکی ئێرانی دەکات

لە کەنداو گرژی لە نێوان چەند کەشتییەکی ئەمەریکی و ئێرانی دروست دەبێت

K24- هەولێر:

کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکا تەقەی ئاگادارکردنەوەی ئاراستەی سێ بەلەمی سەربازیی ئێرانی لە کەنداو دەکات.

بەگوێرەی راگەیەنراوێکی هێزی دەریایی ئەمەریکا، سێ بەلەمەکە ئاڵای سوپای پاسدارانیان هەڵکردووە و 60 مەتر لە کەشتییە جەنگییەکەی ئەمەریکا دوور بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا لە رێگای شەپۆلی رادیۆیی و ئامێری تایبەتی دەنگ هەوڵی ئاگادارکردنەوەی سێ بەلەمەکە دراوە، بەڵام ئەوان هەر زیاتر نزیکبوونەتەوە، تاوەکو تەقەی ئاگادارکردنەوە کراوە و دوور کەوتوونەتەوە.

2ـی نیسانی ئەمساڵ، بە هەمان شێوە چەند کەشتییەکی سەربازیی ئێران، کەشتییەکی سەربازیی ئەمەریکییان ناچار بە گۆڕینی رێڕەوەکەی کردبوو.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دانووستانی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران لە ڤییەنا بەردەوامە و ئەمەریکا ئامادەیی بۆ چارەسەکردنی کێشەکان دەربڕیووە.

AFP