عێراق نزیکەی 2 ترلیۆن دینار قەرزداری بەڵێندەرانە

دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیانی بە سەرمایەداران گەیاندووە
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - هەولێر

سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی عێراق رایگەیاند، کۆی گشتی قەرزە کەڵەکەبووەکانی بەڵێندەران لەسەر حکومەتی عێراقی نزیک دەبێتەوە لە 2 ترلیۆن دینار.

عەلی سنافی، سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی عێراق نوێترین ئاماری قەرزی بەڵێندەرانی لای حکومەتی عێراق ئاشکراکرد، کە ترلیۆنێك و 800 ملیار دینارە.

گوتیشی "لە پڕۆژە بودجەی ئەمساڵ چارەسەر بۆ کێشەی بەڵێندەران نەکراوە".

لە دوای ساڵی 2015 لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت قەبارەی کورتهێنانی بودجە لە عێراق رووی لە بەرزبوونەوەکرد و ئەمەش بووە هۆکاری کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆر لەسەر عێراق، ئەو بڕە قەرزەی بەڵێندەرانیش لە ماوەی 7 ساڵی رابردووەوە تۆمارکراوە.

سنافی، ئاماژەی بەوەکردووە "لە کەرتی تایبەت نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی کاردەکەن و کۆمپانیاکانی بەڵێندەرایەتی بەشێك زۆر لەو دەستی کارانە لە ئەستۆ دەگرن".

راشیگەیاند "دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بووەتە هۆکاری لەدەستدانی 23٪ سەرمایەکانیان.

دابەزینی بەهای دینار لە ماوەی رابردوو بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی کاڵای بیناسازی و بەشێك لەو کاڵایانەش بە رێژەی 35٪ بەهاکەیان بەرزبووەتەوە، ئەمەش زیانی راستەوخۆی بۆ پڕۆژەکانی بەڵێندەران هەبووە.

محەمەد هادی