عێراق بە بڕی (3) ملیۆن دۆلار یارمەتی سوپای لوبنان دەدات

لەکاتێکدا چەندین ناوچە لەسەردەمی شەڕی داعشدا وێران کراون و تا ئێستاش ئاوەدان نەکراونەتەوە
سوپای لوبنان
سوپای لوبنان

K24 - هەولێر:

حەسەن نازم، وەزیری رۆشنبیری عێراق بە ناوی حکومەتی عێراقەوە رایگەیاند، بەغدا لەسەر یارمەتیدانی سوپای لوبنان رەزامەندی نیشانداوە.

حەسەن نازم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر یارمەتیدانی سوپای لوبنان، لەبەر ئەوەی لوبنان بە رەوشێکی سەختدا تێدەپەڕێت".

هەر چەندە ئەو وەزیرەی عێراق ئاماژەی بە وردەکاری ئەو یارمەتییە نەکردووە، بەڵام بەگوێرەی ماڵپەڕی "RT" بڕی ئەو یارمەتییە (3) ملیۆن دۆلاری ئەمەریکییە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە چەند مانگی رابردوودا یارمەتییەکانی عێراق بۆ لوبنان بەردەوام بووە، کە پێداویستییە پزیشکییەکان و کەلوپەل و خۆراك بووە، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە لەو قەیرانە دەربازی ببێت.

ئەم یارمەتییانەی بەغدا لە کاتێکدایە، کە عێراق خۆی لە قەیرانی خزمەتگوزاریدایە و چەندین ناوچە لەسەردەمی شەڕی داعشدا وێران کراون و تا ئێستاش ئاوەدان نەکراونەتەوە.

 

د.ی