چەند پێشنیازێکی نوێ لەبارەی پڕۆسەی خوێندن دەخرێنەڕوو
K24 - هەولێر
ھێشتا هیچ بڕیارێک لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەکان نەدراوە و رەوشی خوێندن چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی خوێندنی ئۆنلاین بەردەوامە، لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان و یەکێتی مامۆستایانیش پێشنیاری نوێیان بۆ بارودۆخەکە ھەیە و سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانیش داوا دەکات خوێندن لەناو پۆل بە رێکار و رێنمایی تەندروستی دەست پێبکاتەوە.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "خەڵکێک هەیە پشتگیری خوێندنی ئۆنلاین ناکات و کێشەی بۆ دروست دەکات، ناگونجێت لەگەڵ خەڵك".
ئاشکراشی کرد: "لە کۆبوونەوەی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی مامۆستایان خوێندنی ئۆنلاینمان پەسندکردووە، بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێ کە خاڵێکی سەرەکییە لای ئێمە، هەروەها خوێندنی پۆلی 12 بەردەوام بووە".
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، پێیان باشە "خوێندن لەناو پۆلەکان بێت، ئەگەر هەفتەی یەک رۆژیش بێت".
پەیوەست بە پڕۆسەی خوێندن حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: "لەبارەی پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ چەند جارێک لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کۆبووینەتەوە و چەند پێشنازێکمان خستووەتەڕوو، لەم دۆخەدا جگە لە راگرتنی پڕۆسەی خوێندن لەناو پۆلەکان هیچ بژاردەیەکی باشتر نەبووە".
راشیگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە دەرگای قوتابخانەکان بە داخراوی دەمێنێتەوە تا لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ دۆخەکە دەخاتەڕوو، هەر کاتێک ئاماری کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رووی لە دابەزین کرد، ئەوکاتە بڕیاری پێویست دەدرێت".