"زەریف" بۆ پەرلەمانی ئێران بانگهێشت دەکرێت

لەسەر دزەکردنی ئەو تۆمارە دەنگییەی باسی سوپای پاسداران دەکات
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران

K24 - هەولێر:

لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بانگهێشتی پەرلەمان دەکرێت، بۆ ئەوەی گوتەی خۆی لەبارەی دزەکردنی ئەو تۆمارە دەنگییە پێشکەش بە لیژنەکە بکات، کە باسی سوپای پاسدارانی کردووە.

ئەبولفەزڵ عەموئی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران گوتی: "زەریف، بانگهێشتی پەرلەمان کراوە، بۆ ئەوە گوتەی خۆی لەبەردم لیژنەکە پێشکەش بکات، لەبارەی دزەکردنی ئەو تۆمارە دەنگییەی باسی پەیوەندی دیپلۆماسی و سوپای پاسدارانی کردووە".

ئەو ئاژانسە هەواڵییانەی لە سوپای پاسدارانەوە نزیکن، لە رێگەی چەندین وتارەوە هێرشیان کردووەتە سەر "زەریف"، ئاژانسی "فارس"یش بڵاویکردەوە، "هەڵوێست و ناکۆکییەکانی "زەریف" بەرامبەر سوپای پاسدارانی ئێران ناشاردرێنەوە، بە دڵنیاییەوە بەو دزەکردنەی تۆمارە دەنگییەکە ئەمە زیاتر روون بووەوە".

ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" بە پرسیارەوە ئاماژەی بەوە کردووە، "ئایا دزەکردنی ئەو دۆسیەیە بە پلانی نافەرمی بووە تا کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی دروست بکات؟".

پێشتریش سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، ئەو تۆمارە دەنگییەی لەسەر "زەریف" بڵاوکراوەتەوە، پارچەیەکی بچووکە، لە گفتوگۆیەکی ناوخۆیی (7) کاتژمێریدا دەرهێنراوە".

ماڵپەڕی "ئێران ئینتەرناشناڵ"ی بەرهەڵستکار ئاماژەی بە دەستکەوتنی ئەو تۆمارە دەنگییە کرد، کە بڕیار بووە دوای کۆتاییهاتنی حکومەت بڵاوبکرێتەوە، لە تۆمارە دەنگییەکەش ئاماژە بەوە کراوە، دەستوەردانی "قاسم سولەیمانی" فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بووەتە هۆی ئەوەی "قوربانی بە دیپلۆماسییەت بدرێت لە پێناوی کردەوە مەیدانییەکانی سوپای پاسداران".

 

د.ی